سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق: دەبێت تەواوی شایستە داراییەکان و قەرزەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پاکتاو بکرێن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق رایدەگەیەنێت بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ماددەی 27 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت و ماددەی 80ی دەستور بوە، بۆیە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە.

دادوەر جاسم محەمەد عبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سۆمەریەنیوز ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ماددەی 27 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت و ماددەی 80ی دەستور بوە، بۆیە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە و حکومەت بەبێ یاسا ناتوانێت بودجە خەرج بکات.

ئەوەشی ڕونکردەوە، سەبارەت بەبڕیاری ژمارە   6ـی ساڵی 2019ش کە دادگای فیدڕاڵی بەنایاسایی داناوە، پەیوەستە بەوەی کە هەر پارەیەک تەرخانبکرێت ئەگەر لە یاسای بودجەدا بونی نەبێت، پێچەوانەی یاسایە.

بەسی لەوەشکرد، بەگوێرەی ماددەی 27یش لە بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت دەبێت تەواوی شایستە داراییەکان و قەرزەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە 2004 ەوە تاوەکو 2020 پاکتاو بکرێن.

سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە و بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، دادگای فیدڕاڵی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستورە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار