سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی ئازاد کرا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی رۆژی 27ی ئەم مانگە سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆکاری "نەوەستان لە بازگەیەکی ئاسایش" لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکرا، ئەمڕۆ یەکشەممە ناوبراو لەلایەن دادگاوە بە کەفالەت ئازاد کرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنیوس ئێوارەى رۆژی چوار شەممە لەکاتى گەڕانەوەى لە بناری قەندیل لە لایەن ئاسایشی ڕانیەوە سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی دەستگیرکرا، هاوکات ئاسایشی ڕانیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئەوەبووە کە لە بازگەى ئاسایش ئۆتۆمبێلەکەى نەوەستاندووە بۆیە دەستگیریان کردوە.
هەروەها ئەمرۆدوای ئازادکردنی سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە زیندان ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشەوە ئازاد کراوە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لەسەر دەستگیرکردنەکەى ئاشکرا بکات و ئامادەش نەبوو لێدوان بدات.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕینیش لەسەر دەستگیرکردنەکەی ڕایگەیاندووە، " دەستگیرکردنی ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بەهۆکاری سیاسییەوە نەبوە و ئەمڕۆش دوای ئەوەی دادوەر دۆسییەکەی بینی، بڕیاری بە کەفالەت ئازادکردنی دەرکرد و لەئێستادا ئازاد کراوە."
جێگەیباسە،تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتوە. پارتەکە بەشێوەی سیستمی هاوسەرۆکی بەڕێوەدەبرێت و هەریەکە لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەن.
