ناڕەزایەتی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی ئێران 136 رۆژە بەردەوامە

دوو مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 136 رۆژە بەردەوامە و لە سێ شاری سنە و تاران و مەشهەد ژمارەیەک گەنج خۆپیشاندانیان کرد و دوو مامۆستای ئایینیی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکران و خانەنشینیان بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان گردبونەوەی ناڕەزایەتییان لە سەرتاسەری ئێران ئەنجام دا.

 

داوای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان دەکرێت

ئەمشەو ژمارەیەک گەنج لە سنە و تاران و مەشهەد رژانە سەرشەقامەکان و داوایان لە خەڵک کرد جارێکی دیکە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندانی بەرفراوان دەست پێبکەنەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دوو مامۆستای ئایینیی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و ئەوەش ناڕەزایەتیی دانیشتوانی شارەکەی لێکەوتوەتەوە و گەنجانیش بە کردنەوەی ئاگر و کۆنتڕۆڵکردنی چەند شەقامێک ناڕەزایەتییانە لە دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایانە دەربڕیوە.

ئەمرۆ ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی گوندی نەنەڵە  و لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چواریاری نەبی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە سنە دەستگیرکران.

 

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە دانیشتویەکی شاری سنە بە ناوی رفیق سەلیمی کە لەگەڵ کوڕەکەی دەستگیرکرابو دوای 50 رۆژ دەستبەسەربون لە دەزگای هەواڵگریی شاررەکە رەوانەی زیندان کراوە و چەند تۆمەتێکی ئاڕاستە کراوە کە سزای سێدارە دەیگرێتەوە.

ئەو رێکخراونە ئاماژەیان بەوە کردوە سەلیمی بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراوە و باری تەندروستیی باش نییە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی و دەرمان هەیە.

ئەمرۆ لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کارمەندانی خانەنشینکراوی گواستنەوە و گەیاندن (موخابەرات) بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

کەمیی خۆراک لە ئێران

رۆژنامەی (هەم میهەن)ی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، خواردنی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ نیوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دابەزیوە.

رۆژنامەکە نوسیویەتی: بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی توانای کڕینی لە ناو خێزانەکاندا بەشێویەی بەرچاو دابەزاندوە و لە سفرەی هەندێک خێزاندا گۆشت و مریشک نەماوە و ئەوەش وا دەکات وەچە خستنەوە و تەنانەت ئەو منداڵانەی بڕیارە لەم دۆخەدا لەدایک بن تەندروستیان بکەوێتە مەترسییەوە.

سەما و سزا لە ئێران

کچ و کوڕێک لە ئێران بە بیانوی سەماکردن لە شوێنی گشتی سزای 22 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە ؛ ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە هەر کەسێکیان سزای 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە ئەوەش تەنها بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی سەماکردنیان.

ئاستیاژ حەقیقی تەمەن 22 ساڵە و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی تەمەن 21 ساڵ لە (1/11/2023) تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاو کرایەوە کە پێکەوە بەرامبەر مەیدانی ئازادی شاری تارانی پایتەختی ئێران سەما دەکەن و رۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ڤیدۆکە دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن.

هۆشداریی و هەڕەشەی ئەمریکا بەردەوامە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر، لە قاهیرە رایگەیاند؛ بۆ واشنتۆن گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دژی ئەو کار و کردەوانەی ئێران بوەستنەوە کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.

بلینکن وتی: ئەگەرچی باشترین رێگە بۆ چارەسەریی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رێگای دیپلۆماسییە بەڵام بۆ رێگریی لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەمو بژاردەیەک دژی تاران دەگیرێتە بەر و یەکێک لەو بژاردانەش کاردانەوەی سەربازییە کە لە سەر مێزی ئەمریکایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار