لە هەنگاوی تۆڵەی شەهیدانی رەققەدا ٨ تیرۆریستی دیکەی داعش دەستگیرکران

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنی تۆڵەی شەهیدانی رەققەدا ٨ تیرۆریستی دیکەی داعش دەستگیرکراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئۆپراسیۆنی تۆڵەی شەهیدانی رەققەدا ٨ چەتەی داعش دەستگیرکراون و دەست بەسەر کۆگایەکی جەک وتەقەمەنیدا گیراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوەش دەکرێت کە هێزە هاوبەشەکان هەروەها دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و کتێب بۆ بڵاوکردنەوەی بۆچوونی توندڕەویدا گرتووە.

هەسەدە هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا هێزەکانیان تونێلێکی تیرۆریستانی داعشیان دۆزیوەتەوە کە لە کاتی داگیرکردنی رەققەدا تیرۆریستانی داعش بەکاریان هێناوە و دەڵێت، تونێلەکە پێنج مەتر لەژێر زەویە و ١٥٠ مەتر قوڵە و لەنێو تونێلەکەدا ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیش هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاسایشی رەققە، بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنەکە بە باشی بەڕێوە بچێت، قەدەغەی هاتوچۆی لەنێو شارەکەدا راگەیاندووە. ٢٥ی ئەم مانگە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئۆپراسیۆنی ' تۆڵەی شەهیدانی رەققەی'ی راگەیاند.

بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژانە کە هەسەدە بڵاوی دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٢٠ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار