ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی دژی دەسەڵاتی ئێران 137 رۆژە بەردەوامە

یاسایەکی نوێ دژی دژنان لە ئێران پەسند کرا

3 ساڵ لەمەوپێش



چالاکی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵات و ئێران 137 رۆژە بەردەوامە و ژمارەیەک سزای نوێ بەسەر دەسەڵاتی تاراندا سەپێنرا و ژمارەیەک گەنج لە سنە و کامیاران و مەهاباد دەستگیرکران و مامۆستایەکی کورد سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا و یاسایەکی نوێ دژی ژنان لە پەرلەمان پەسند کرا.

لە شارەکانی کامیاران و سنە و مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک گەنجی دەیکە دەستگیرکرا و مامۆستایەکیش سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

مامۆستایەکی کورد لە کرماشان دوای 27 ساڵ خزمەت بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

کیومەرس واعزی، خەڵکی شاری سونقور لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە خوێندکارەکانی کردوە و ئەگەرچی پیشتر بۆ ماوەی یەک مانگ دەستگیرکراوە بەڵام دادگا بڕیاری داوە شەش ساڵ زیندانیی بکرێت.

لە شاری ئۆسلۆ پایتەختی نەرویج خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچو.

پەرلەمانی ئێران یاسایەکی دیکەی دژی ژنان پەسند کرد

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەک پەسند کرا کە بە پێی ئەو یاسایە ژنان و کچان ناتوانن بە بێ مۆڵەت و رەزامەندیی "سەرپەرشت" ی وەک باوک و برا و هاوژین گەشت بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان بکەن و لە هەندێک حاڵەتی پێویستیشدا دادگا بڕیارەکە یەکلایی دەکاتەوە.

ئەو یاسا و بڕیارە بە هەنگاوێکی دیکەی سنوردارکردنی کچان و ژنان لە وڵاتەکە ناودەهێنرێت.

هاوکات وەزارەتی فەرهەنگ و کەلتوری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ رێنمایی نوێ بۆ چۆنیەتی جلوبەرگی ئەکتەر و شانۆکاران دەردەچێت و دەبێت هەمو لایەک پابەندی ئەو رێنماییە نوێیانە بن.

 

پەرلەمانتارێکی کورد: لەسەر دەستی رەئێسی دۆلار 76% بەرز بوەتەوە

جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران لە وتارێکی لە کۆبونەوەی پەرلەمان رایگەیاند؛ لەگەڵ دەستبەکاربونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران بەهای یەک دۆلار بەرامبەر تمەن گەیشتوەتە 45 هەزار تمەن و بەهای ئەو دراو 76% زیادی کردوە.

مەحمودزادە وتی: رەئێسی کێشەکان دەخاتە ئەستۆی کەسانی دیکە بۆیە بەمشێوازە حوکمڕانیی ناکرێت و وڵات بەڕێوناچێت.

 

پۆلیسی ئێران رەتی دەکاتەوە خۆپیشاندەرانیان کوشتبێت

فەرماندەی یەکەی تایبەتی هێزەکانی پۆلیسی ئێران رەتی دەکاتەوە هێزەکانیان دەستیان هەبوبێت لە کوشتنی خەڵک و خۆپیشاندەران.

حەسەن کەرەمی، فەرماندەی یەکەی تایبەتی پۆلیس لە ئێران بە میدیای وڵاتەکەی وتوە: ئەگەر کەسێک بتوانێت بیسەلمێنێت کە پۆلیسی یەکەی تایبەت تەنها یەک کەسی کوشتبێت ئەوا خەڵات دەکرێت.

ئەگەرچی بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 530 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون بەڵام ئەو فەرماندە جەختی لەوە کردوەتەوە کە هێزەکانیان تەقەیان لە خەڵک نەکردوە و دەستیان نەبوە لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا.

ئەو لێدوانەش لە کاتێکدایە ئەنجومەنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەنراوێکدا دانی ناوە بە کوژرانی 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە.

 

ئێران یەکێکە لە وڵاتە گەندەڵەکانی جیهان

ئێران لە روی گەندەڵییە لە نێوان 180 وڵاتەکەی جیهان دەکەوێتە ریزبەندی 176  و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە کۆی 100 خاڵ بۆ شەفافیەت تەنها 25 خاڵی بەرکەوتوە.

 

سوپای پاسداران دۆلاری عێراق دەبات

تەلەڤزیۆنی (ئیران ئینتەرناشناڵ) کە ناوەندەکەی لە بەریتانیایە، بڵاوی کردوەتەوە: سێ ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە عێراقەوە بەقاچاخ بردوەتەوە ئێران. ئاشکرای کردوە، ئەندامانی فەیلەقی قودس، بە هاوکاریی سێ هاوڵاتیی عێراقی، دۆلارەکانیان لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتەکەیانەوە رەوانەی تاران کردوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردونەتەوە: محەمەد تەجەن جاری، بەڕێوەبەری دارایی یەکەی 400ی سەر بە فەیلەقی قودس، پارەی پێویستی بۆ کڕینی دۆلار رادەستی ئەندامانی دیکەی سەر بە سوپای پاسداران کردوە، تا بە قەبارەیەکی زۆر لە نوسینگەکانی ئەو وڵاتە دۆلار بکڕن.

 

ئەمریکا و ئۆسترالیا سزای سوپای پاسداران دەدەن

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد؛ حەوت کۆمپانیا و دامەزراوەی سەر بە سوپای پاسدارانی پاسدارانی خستوەتە لیستی سزاکانیەوە کە دەستیان هەیە لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا.

وەزارەتەکە هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی (داما) و (ئەوجی پەرواز) و (پەرئاوەری پارس) و هێزەکانی سوپای پاسداران، ناوەندی توێژینەوەی سوپای پاسداران و پیشەسازیی (قودس)ی ئەو سوپایە و ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازیی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی خستوەتە لیستی سزاکانییەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئۆسترالیا رایگەیاند 16 بەرپرس و فەرماندەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی توندوتیژیی دژی خەڵک و خۆپیشاندەران سزا داوە و بە پێی ئەو سزایان هەر یەکە لەو بەرپرس و فەرماندانەی سوپای پاسدارن کە کەوتونەتە لیستی سزاکانەوە گەشتیان بۆ ئۆسترالیا لێ قەدەغە دەکرێت و دەست دەگیرێت بەسەر سامان و داراییەکانیان لەو وڵاتە.

ئەمریکا بانگەشەی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەکات

رۆبەرت مەڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەلەفیزیۆنی (بی بی سی) راگەیاندوە؛ دەبێت پشتگیریی خەڵکی ئێران بکرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بەڵام واشنتۆن بەدوای ئەوەوە نییە رژێمی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.

مەڵی لەو چاوپێکەوتنەدا وتویەتی: ئەمریکا دەبێت کارێک بکات کە هەمو جیهان دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ببیستێت و پێویستە بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی دڵنیاکەرەوە بنێت.

ئەو وتوشیەتی: ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێران نادات چونکە ئەزمونی ناخۆشی لەگەڵ گۆڕینی رژێمەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار