دەربەندیخانییەکان بۆ داواكارییەكانیان ماندەگرن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە بەشێک لە چالاكوانان و هاوڵاتیانی  دەربەندیخان بۆ جێبەجێکردنی داواكارییەكانی خەڵكی شارەكە مانگرتنیان ڕاگەیاند و  قائیمقامی شارەكەش دەڵێت: لەگەڵ تەواوی داواكارییە رەواكانی خەڵكدایە.
دوای ئەوەی لەچەندڕۆژی رابووردوودا ژمارەیەك چالاكوانی قەزای دەربەندیخان لەسەر كێشەو كەموورتییەكانی شارەكە گردبوونەوە، بڕیاریاندا ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی شوباتی 2023، جارێكی تر بێنەوە سەرشەقام.
چالاكوانانی قەزاكە لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن: بڕیاریانداوە بەمانەوە لەسەر شەقام مانگرتن رابگەیەنن  بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكانی دانیشتوانی دەربەندیخان تادەسەڵات بێتە سەرخەت بۆ باشكردنی دۆخی دانیشتوانی دەربەندیخان، دەڵێن دەستەی چالاكوانانی دەربەندیخان رۆژی 1ی شوباتی 2023 ئاخر وادە دەدات بەدەسەڵات بۆ باشكردنی دۆخی كارەباو نەمانی پێوەری زیرەكی كارەباو ئەو ئاوەپیسەی كەدانیشتوانی ئەمشارە خاوەنی دوو بەنداون كەچی ئاوی پاكیان نیە بۆ خواردنەوە، یان دەربەندیخان خاوەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە و كارەبای پێویستی نیەو چەندین كێشەی كەڵەكەبووی ئەم دەسەڵاتەو كابینە شكستخواردوەكانی حکومەتی هەرێمن.
 كۆچەر كەریم چالاكوانی شاری دەربەندیخان  (هاوڵاتی) راگەیاند:" رۆژ لەدوای رۆژ بارگرانی بەسەر دانیشتووانی شاردا زیاتر دەبێت و لەئەنجامی بەردەوامی هەمیشەی داواكاریی و ناڕەزایەتیەكان، كە بەپێچەوانەی دەسەڵاتدارانی تری دونیا كەهەمیشە لەناڕەزاییەتیەكاندا بەشێك لەداواكانیان بۆ جێبەجێدەكرێت».
وتیشی:"لەئێستادا لەدەربەندیخان دەیان گرفتی دیكە سەریهەڵداوە كە لەجێگاكانی تر بوونیان نیە».
سلێمان محەممەد قائیمقامی قەزای دەربەندیخان سەبارەت بەداواكاری خەڵكی قەزاكە بە (هاوڵاتی) راگەیاند:" ئەوان پشتگیری تەواوەتی داواكاری رەوای خەڵكن و بەدوور لەهەر توندوتیژییەك و هیچ كێشەیەكی شارەكە نیە بەدواداچوونم بۆی نەكردبێت و بەدوای چارەسەركردنی هەمویانەوەم، چی گرفتی ئاوی پاك ، یاخود گرفتی رێگاوبان یاخود گرفتی تەندروستی یاخود پێوەری ئاو یاخود پێوەری زیرەك و  یاخود كارەبا، هەموویانم گەیاندووەتە ناوەندی بڕیارو كاری لەسەردەكرێت».
وتیشی:" ئەگەر هەر ساتێك زانی گرفتێك بەدەستلەكاركێشانەوەی ئەو چارەسەردەبێت، ئەوا سەد جار ئامادەیە دەستلەكاربكێشێتەوە و وازبهێنێت و كارو چالاكییەكانی لەماوەی دەستبەكاربوونیدا بەشایەتی خەڵك دەیسەلمێنێت، هەمیشە لەبەرەی خەڵك و داواكارییەكانیاندا بووم و خەڵكم جێنەهێشتووەو ئێستاش هەروا دەكەم».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار