ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 138 رۆژە بەردەوامە

تاران بە بیانوی پارتەکانی رۆژهەڵاتەوە هۆشداریی دەداتە بەغداد

3 ساڵ لەمەوپێش



138 رۆژە ناڕەزایەتیی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی ئێران کۆتایی نەهاتوە و گەنجانی ئیلام رژانە سەرشەقامەکان و کۆماری ئیسلامی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم تۆمەتبار دەکات بە جێبەجێکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر کارگەی چەک و تەقەمەنیی لە ئەسفەهان و هۆشداریی دەدەاتە بەغداد هاوکات دەستگیرکردن و سزادانی قورس بۆ گەنجان و لاوانی کورد بەردەوامە و ئەمڕۆش گەنجێکی کورد لە کەرەج لەسێدارە درا.

خۆپیشاندانی ئەمشەوی ئاودانان

ئەمشەو لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هێما و پەیکەرەکانی کۆماری ئیسلامیان لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە تێکشکاند.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات ئاماژەیان بەوە کردوە لەگەڵ رژانە سەرشەقامی گەنجانی ئاودان هێزە ئەمنییەکان ئەو شەقامانەیان چۆڵ کردوە کە خۆپیشاندانی تێدەکراوە.

ئێران پارتەکانی رۆژهەڵات بە هێرشەکەی سەر ئەسفەهان تۆمەتبار دەکات

ماڵپەرێ (نور نیوز) کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم تۆمەتبار کردوە بەوەی دەستیان لە پشت هێرشەکەی سەر گارگەی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە شاری ئەسفەهان هەبوە.

ئەو ماڵپەڕە لە راپۆرێکدا نوسیویەتی: پارچەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە هێرشەکەیان پێ ئەنجام دراوە لە لایەن پارتێکی رۆژهەڵاتەوە و لە هەرێمی کوردستانەوە گەیەنراوەتە ناوخۆی ئێران و پارچەکان سەر یەک خراونەتەوە و هێز و تیمێکی شارەزا کە لە لایەن ئیسڕائیل راهێنانیان پێکراوە و فەرمانیان لەو وڵاتە وەرگرتوە هێرشەکە ئەنجام دراوە.

ئەو ماڵپەڕە بڵاویشی کردوەتەوە کە تاران لەسەر ئەو پرسە هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی بەغدا.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە ئاسایشی کۆماری ئیسلامییان خستوەتە مەترسییەوە و پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و سوپای پاسدارانیش زیاتر لە پێنج جار بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردوەتەوە سەر بنکە و بارەگای ئەو پارتانە و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کە کوژراوی بریندانی لێکەوتوەتەوە.

ئێران هێرشەکانی سەر کارگەیەکی چەک و تەقەمەنی وڵاتەکەی پشتڕاست دەکاتەوە

 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: "ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەی ئەسفەهانەوە بوە".

سزای هاوکاریی بۆ لێقەواماوانی خۆی

ئەژماری بانکیی یاریزانێکی ناوداری ئێران داخرا ئەویش تەنها دوای ئەوەی رایگیەاند کە هاوکاریی بۆ قوربانییانی بومەلەرزەکەی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ کۆدەکاتەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە ئەژماری بانکیی کەریم باقری، یاریزانی پێشوتری هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکە بەهۆی هاوکاریی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگیراوە.

سزای زیندانیی و قامچی بۆ گەنجان و لاوانی رۆژهەڵات

سێ لاو لە شاری جوانڕۆ کە پێشتر بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە دەستگیرکرابون سزای زیندانی و قامچی بەسەریاندا سەرپێنرا.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ سزای سێ ساڵ زیندانیی و 74 قامچی بەسەر ئەرشیا بەرزین خەڵکی جوانڕۆدا سەپێنراوە کە تەمنی لە 18 ساڵ کەمترە و هاوکات سزای 10 مانگ زیندانیی و 74 قامچی بەسەر کیانوشی ئەعەزەمی و پارسا کەرەمی-دا سەپێنراوە.

ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە کردوە جگە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو سێ گەنج و لاوە ، سزا بەسەر دو کەسی دیکەی خەڵکی جوانڕۆدا سەپێنراوە و لە شاری بۆکان گەنجێک کە سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو رەوانەی زیندان کراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە.

هاوکات لوقمان ئەفزەلی،خوێندکارێکی زانکۆ کوردستان شاری سنە و یەزدان عارفی نیا، چالاکوانێکی کورد لە تاران سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.

لە مانگێکدا 17 کورد بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دەدرێن

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆ سزای سێدارەی گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری هەلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (ر.ش) لە زیندانی شاری کەرەج جێبەجێ کراوە کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرابو.

لە یەک مانگدا 18 کەسی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دارون و زۆربەیان بە بێ ئاگادرایی کەسوکاریان سزاکەیان جێبەجێ کراوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوە؛ تەنها لە مانگی رابردودا ناسنامەی 17 زیندانیی ئاشکرابوە کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوە و پرۆسەی جێبەجێکردنی سێدارەکانیش بە نهێنیی بوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار