پارتەکانی رۆژهەڵات تۆمەتەکانی ئێران رەت دەکەنەوە
ناوەندی هاوکاریی: دەستمان نەبوە لە هێرشی سەر گارکەی چەک و تەقەمەنیی ئێران
بنکەی پارتێكی رۆژهەڵات لە هەرێم
3 ساڵ لەمەوپێش
پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم رەتی دەکەنەوە دەستیان هەبوبێت لە هێرشەکەی سەر کارگەی چەکی و تەقەمەنیی ئێران لە شاری ئەسفەهان.
دوای ئەوی ئێران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم تۆمەتبارکرد بە هێرش کردنە سەر کارگەیەکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنیی لە شاری ئەسفەهان، ناوەندی هاوکاریی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئەو تۆمەتەیان رەت کردەوە و رایانگەیاند بە هیچ جۆرێک دەستیان لەو هێرشەدا نەبوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە.
رۆژی رابردو میدیای سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردبوەوە کە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان بە پارچەکراوی گەیاندوەتە ئێران کە هێرشەکەی ئەسفهانی پی ئەنجام دراوە.
بە پێی تۆمەتەکانی ئێران؛ ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی ئیسرائیل هێرشەکەیان بۆ سەر کارگەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەنجام داوە و هاوکات تاران هۆشداریی داوەتە بەغدا لەسەر جموجۆڵی ئەو پارتانە.
شەوی شەممەی رابردو بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کارگەیەکی چەک و تەقەمەنیی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری ئەسفەهان و جگە لە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکا ژمارەیەک بەرپرسی تاران و تەلئەبیب رایانگەیاندوە هێرشەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە ئاسایشی کۆماری ئیسلامییان خستوەتە مەترسییەوە و پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و سوپای پاسدارانیش زیاتر لە پێنج جار بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردوەتەوە سەر بنکە و بارەگای ئەو پارتانە و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کە کوژراوی بریندانی لێکەوتوەتەوە.
