لەبارەی دابەشکردنی ئەودو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغدا ناردی بۆ هەرێم وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوە دەدات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی کە بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوە، (20) تەنكەر بۆ هەولێر و سۆران، (10) تەنكەر بۆ دهۆك و زاخۆ، (30) تەنكەر بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان نێردراوە و هەر خێزانێکی هەژار 100 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو دوو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە بڵاوکردەوەو دەڵێت،کە وەزارەتەکەیان "پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری رەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و 30 تەنكەری رەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان كە لە رێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە".
ئەوەشی خستوەتەڕو، "بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژارو كەم دەرامەتەكان كە لەرێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە و ، لەرێكەوتی 1ی شوباتی 2023 بە بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت دەست كراوە بەدابەشكردنی."
دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:
پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە ؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری رەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و 30 تەنكەری رەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان كە لە رێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە و، لە رێكەوتی 1ی شوباتی 2023 بە بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت دەست كراوە بەدابەشكردنی.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2ی شوباتی 2023
