پارتی بەفەرمی لەسەر بڕیارەکەی دادگای هەولێر تایبەت بەکێشەی هاوسەرۆکانی یەکێتی هاتەدەنگ

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی هیچ پەیوەندیەکی بە پارتییەوە نییە و بڕیاری دادگایە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواخستنی وادەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کە بڕیاربوو رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەولێر ئەنجامبدرێت، بە کوردستان24ی راگەیاندووە: "وادەی کۆبوونەوەکە لەلایەن برادەرانی یەکێتی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، هیوادارین بڕیارێکی دادگای هەولێر نەبێتە هۆکار بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان".

گوتیشی: "ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر هیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نییە و بڕیارێکی دادگایە، هیوادارین کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نەبنە هۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان نەتوانێت دانیشتن بکات و هەڵبژاردن، و گرفت بۆ حکومەت و کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت".

بڕیاری دواخستنی کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی دوای ئەوە هات کە بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە، دادگەی هەولێر بڕیاری داوە بە یەکلاکردنەوەی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی کە دژی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی تۆماری کردبوو و سەرجەم مافەکانی لەنێو یەکێتی بۆ گەڕاندەوە و دوورخستنەوەی لە یەکێتی بە نایاسایی نێوبرد؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

جێگەیباسە، بڕیاربوو رۆژی شەممە 04-02-2023، یەکێتی و پارتی لە هەولێر بۆ جاری دووەم کۆببنەوە، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن یەکێتییەوە "هەڵوەشێندراوەتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار