سەرەتای کتێبەکەی دەمیرتاش کە بڕیارە لە ١٠ مانگدا بڵاوبکرێتەوە بخوێنەرەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، کتێبێکی نوێی بەناوی "داد" نووسیەوە. بەگوێرەی زانیاریەکان، بڕیارە کتێبەکەی دەمیرتاش لە ١٠ی ئەم مانگەدا بە زمانی تورکی بڵاوببێتەوە و بکەوێتە دەستی خوێنەران.
رۆژنامەنووس هێرش جەلال، بەشێکی سەرەتایی کتێبەکەی دەمیرتاشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە پەڕەی تایبەتی فەیسبوکەکەیدا بڵاوکردووەتەوە. بەشێکی کتێبەکە کە لە ١٦ لاپەڕە پێک دێت، بە پی دی ئێف و بە زمانی تورکی بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەران سەرەتا بە کتێبەکە ئاشنا ببن.
ئەو بەشە کورتەی کە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بەم شێوەیەیە: "داد" "تاوەکو ئێستا لە زبڵدانێکی شاردا کاتت بەسەر بردووە؟ نا. زۆربەتان لەوانەیە لە دووریشەوە نەتان بینیبێت. ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت بزانن کاپیتالیزم چییە، سەردانێکی بکەن. لەوێ ئەکادیمیایەک هەیە کە مێژووی خەباتی چینایەتی دەگێڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە دەزانن سەیری بکەن. لە مۆڵەکانی کڕێن و فڕوشتندا ناتوانرێت بە روونی ئەم پرسە ببینرێت. لەوێ شتەکان هەمووی بۆ نمایشکردنە ، مێشکت لەسەردا ناهێڵن. ئایا زبڵدانەکە بەو شێوەیەیە؟ لێرەدا هەموو شتێک لەبەرچاوە، وەک گوو لە گۆڕەپانەکەدا دیارە . هەندێک جار لەسەر یەکێک لە زبڵدانەکان دەوەستم و سەیری پاشماوەکان دەکەم کە لە دەوروبەرم فڕێدراون. سەرسام دەبم بەوەی کە کەی و بۆچی ئەم هەموو شتانەتان خواردووە. باشە بۆچی ئەم هەموو شتانەتان بەرهەم هێناوە؟ گرنگتر ئەوەیە، بۆچی سیستمێکی بەم شێوەیەتان دروست کرد کە ببن بە کۆیلەی سیستمەکە و بەم ئەندازەیە بەرهەم بهێنن و بەکاری بهێنن؟ ئایا لە سۆمەریەکان دڵخۆشترن؟ ئایا لە ئینکاکان ئارامتر و لە هۆزە ئەسمەرەکانی دۆڵی ئیندۆسەکان خۆتان زیاتر لە ئاسایش و ئارامیدا دەبینن؟ بۆ خاتری خوا چیتان لە خۆتان کردووە؟ لەوێ بوونایە کە لێی دانیشتبوون باشتر نەدەبوو. ئەمە چی بەفیڕۆدان و خۆسووککردنێکە؟ ئەگەر حەوت ملیار مرۆڤ، بۆ ماوەی حەفتەیەک دەست لە بەفیڕۆدان هەڵبگرن، کاپیتالیزم دەڕووخێت. بەهۆی ئەوەی کە راوەستان نییە، ٢٤ کاتژمێر پێویستە بەکاربهێنن، لە هەمان کاتدا ٢٤ کاتژمێر بەرهەم بهێنن.
سەرچاوەکانی جیهان سنوردارن، لەسەر لێواری تەواوبووندان، لە هەموو روویەکی بەرهەمهێناندا، دەستبەسەرداگرتنێکی مەترسیداری رەنج هەیە، سروشت بەشێوەیەک لەناودەچێت، کە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بەهۆی بەکاربردنێکی شێتانەەوە کە قۆنی خۆمان دڕیوە، هەموو بەها مرۆییەکانمان لەناوبردووە؛ خۆشەویستی، رێز، لێبوردن، هاودەنگی، ئەوین، شەرەف و شکۆ پێنج پارە ناکات و ئەمەش لە خەمی کەسدا نییە... ئەگەر خەمخۆری، ئەوەندە بەکاری مەهێنە ڕۆڵە، بەکاری مەهێنە؛ لێگەرێن کاپیتالیزن با بڕوخێت. ئەوکاتە لەوانەیە سی و پێنج جۆر گەنمە شامیتان نەبێت بیخۆن، بەڵام دڵخۆش دەبن. خەمتان نەبێت، ئەو کاتە هێشتا گەنمە شامیەکە بە قەدەکەوەیە کە گازی لێدەگری، تازە تازە. سروشتی، هەرزان، بە ئەندازەیەک کە بەشی هەموو کەسێک دەکات. تاوەکو ئەو شوێنەشتان عارەق دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ناچار نابن رۆژی دە کاتژمێر کار بکەن. باشە دەی، بانگەشەکردن بۆ ئەم هەموو زبڵە بەسە. بنواڕن، من دەڵێم زبڵ دەمارەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، لەوانەیە پێبکەنن، کێشە نییە پێبکەنن، بە من چی. گوێی پێنادەم. ئەگەر ئەم زبڵدانە نەبوایە، من بەم هەموو کێشەوە نەمدەتوانی لەبەرامبەر ئەم ژیانەدا بوەستمەوە. ئەم شوێنە چاکی کردمەوە. چەند رۆژێکە بەیانیان بە زەحمەت هەڵدەستم. بەهۆی ئەوەی هەموو گیانم رەق بووەتەوە، بە زەحمەت لە خەو هەڵدەستم. زیاتر پشتم ژان دەکات. وابزانم پێویستە نوینەکانم بگۆڕم. کە دەڵێم نوین، جۆشەک و بەتانیەکی کۆنن کە وەک شەڵتەیان لێهاتووە. دەگەڕێم بەشکم ئەمشەو شتێک بدۆزمەوە لەنێو ئەم شتومەکانەی کە هێنراون. فێری هەموو شتێک بووم، بەڵام جەستەم فێری ئەم نوینە لەعنەتیانە نەبوو. لە منداڵیمەوە، رێک بیست و حەوت ساڵ لە نوێنێکی ئاساییدا دەخەوتم... سەرەتا لێرە بۆنێک بێزاری دەکردم. بەڵام دواتر ئاسایی بوو بەلامەوە. ئیدی بۆنەکە بەلامەوە خۆشە. بۆنێکی وەک سووتاویە. بۆنی ژیانی راستەقینە. دەمەوێت بڵێم وەک بۆنی زبڵدانی شارەکەکە، هەرچەندە ئێرە زبڵدانی شارەکەیە. پێنج مانگە لێرە دەژیم. ئەگەر رێکی بکەینەوە، چوار مانگ و هەژدە رۆژە. کارتۆنێکم هەیە کە بە دیوارەکەوە هەڵمواسیوە، رۆژی جارێکی هێڵێکی لەسەر دەکێشم، وەک زیندانیەک. بەهۆی ئەوەی بایەکی بەهێز هەڵیکردووە، بە دیوارەکەوە ناوەستێت و دەکەویت. "ماڵەکەم" ئەگەر رۆژێک هەموو بفڕێت و بچێت شۆک نابم. خۆم دروستم کردووە. چەند تەختەیەکە لەسەر شیشێک، دەوروبەریم بە لایلۆن داخستووە، بووەتە ماڵێک. دەرگای نییە؛ لایلۆنەکە بەرز دەکەمەوە و خۆم نەوی دەکەم و دێم و دەچم. چونکە دەرگای نییە، کەسیش لە دەرگاکەم نادات. ئاوها باشترە. ئەگەر حەز بکەم، بەم کەلوپەلەی نیو زبڵدانەکە خانوویەکی شاهانە دروست دەکەم لێرە. پێنج ساڵە ئەندازیاری میکانیکم. لەو نێوەندەدا، ناوم ئەحمەدە. خەڵکی باتمانم. ئێستا دەڵێن، باشە بۆچی ئەندازیارێکی میکانیک لەنێو زبڵدانی شارەکەدا دەژی؟ پێتان دەڵێم. بەڵام بووەستن، نانی بەیانی بخۆم دواتر. لێرە کێشەی خواردن نییە. ئەگەر بزانن لەژێر زبڵەکە چی هەیە، عەرەبانەی مارکێتەکە لێدەخۆڕن و رێک بۆ ئێرە دێن. بەڵام ئێرەش مافیای خۆی هەیە. رێگەتان پێنادەن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بێن و زبڵەکە سەراوژێر بکەن. خۆشبەختانە ئێرە لەژێر کۆنتڕۆڵی جۆلەمێرگیەکانە (خەڵکی جۆلەمێرگ بە تورکی هەکاری). بێدەنگن لەبەرامبەر کۆشکە بچووکەکەم. بگرە جاروبار سەردانم دەکەن و لە بارودۆخم دەپرسن. لەگەڵ خۆیاندا، خواردنەوە و کێکیش دەهێنن، بێگۆمان لە زبڵدانەکە کۆیدەکەنەوە. خۆشە زۆر. دەی با مژارەکە نەگۆڕین. باسی ئەلەنیم دەکرد. ئایا باسی ئەوم دەکرد؟ دەی باسی دەکەم. چاوەکانی ئەلەنی هاوشێوەی چاوەکانی هولیا ئاڤشار بوو کە بۆ هاوکاریکردن سەردانی کەمپی ئەو پەنابەرانەی کردبوو کە بەهۆی هێرشی داعشەوە لە کۆبانێوە ئاوارەی کەمپەکانی ناوچەی پرسوس ببوون. لێوەکانیشی وەک لێوەکانی ئەنجولینا جۆلی بوو، بەڵام بەر لەوەی سلیکۆنی تێبکات کە سەردانی کەمپی ئەو کوردە ئێزدیانەی کرد کە بەهۆی کۆمەڵکوژی داعشەوە ئاوارەی کەمپەکانی مێردین بوون. دەموچاوێکی درێژکوڵەی جوانی هەبوو' لە دوورەوە هاوشێوەی جولیا رۆبەرتس بوو، بەڵام لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا سەردانی کەمپەکانی نەکردووە، شانسی ئەوەم نەبووە لە نزیکەوە جولیا ببینم. من و ئەلەنی بە شێوەیەکی خۆبەخش لە کەمپەکان کارمان دەکرد. ئەو لە رووی دەروونیەوە هاوکاری منداڵانی دەکرد؛ منیش وەک ئەندازیاری ئاوەدانکردنەوە لێرە بۆئەوێ بازم دەدا. دەتوانم یەک بە یەک ئەو ئازار، دڕندەیی، کەوتن، کارەسات، شەرمەزار، بێچارەییەتان بۆ بگێڕمەوە کە بینیومن. دەهەژن ئەگەر کەمێک مرۆڤایەتییان تێدا بێت. بەڵام من باسی ئەوینتان بۆ دەکەم، لەبەرئەوەی ئەوین لە هەر شوێنێک بێت، ئومێد و هیوا لەوێیە. بە جۆرێکی دیکە مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە؟"
