کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکەی ماردین: تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نازانین

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
كەسوكاری قوربانیانی شیلادزێ كە لەتوركیا كوژران، داوای  دەستگیركردنی هەموو ئەو كەسانە دەكەن كەبوونەتە هۆكاری كوژرانی پێنج كەس لەخێزانەكانیان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن: تائێستا بۆیان ئاشكرانەبووە كەئایا لەبەر پارە تاوانەكە ئەنجامدراوە یان هۆكاری تری هەیە.
بەپێی زانیارییەكان تاوەكو ئێستا حەوت كەس لەسەر رووداوەكە دەستگیركراون و دانیان بەوەدا ناوە كە بۆ پارە ئەو كارەیان كردووە، یەكێك لەو كەسانەی دەستگیركراوە پێش دووساڵ لەشوقەكانی ئەڤرۆ سیتی لەناوەندی دهۆك وەك كرێكار كاری كردووە.
مەیسەر حاجی عەبدوڵلا ساڵح ، كوری یەكێك لەقوربانیەكانە بەهاوڵاتی  وت:» باوكم و دایكم و خوشكێكم لەگەڵ دوو كەسی تر بەشێوەیەكی زۆر دڕاندانە شەهیدكران، ئەم تاوانە زۆر گەورەیە لەهیچ كەس و لایەنێك قبوڵ ناكەین كەمتەرخەمی لە لێكوڵینەوە و بەدواداچوونەكان بكەن، خێزانەكەم لەگەڵ خێزانی مەلا ئەحمەد بۆ مەبەستی سەردانی پزیشك روویان لەتوركیا كردبوو، كێشەمان لەگەڵ هیچ كەسێك نەبووە لەڕابوردووو ئێستاش، تووشی شوكێكی زۆر گەورە بووین، چونكە هەموویان پێكەوە شەهیدكران، تائێستا بوومان ئاشكرا نەبووە كە ئایا لەبەر پارە تاوانەكەیان ئەنجامداوە یان لەبەر چەند هۆكارێكی تر بووە».
وتیشی:»دڵخۆشین كەحەوت كەس لەسەر رووداوكە دەستگیركراون، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو دەستەیە بدۆزرێتەوە كەبوونەتە هۆكاری ئەم رووداوە گەورەیە، بەداخەوە لەیاسایی سزادانی توركیا لەسێدارەدان نیە، سزای لەهەموو گەورەتر زیندانی هەتا هەتاییە، دوێنێ 30كانونی دووەم ئۆتۆمبێلەكەمان وەرگرتەوە، بەڵام ئەو كۆژمە پارەیەی كە لەگەڵ خویان بردبوو وەرماننەگرتووەتەوەو  بەرپرسانی توركیا بەئێمەیان ووت لەڕۆژی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە ‌پارەكەشتان بۆ دەگێڕینەوە».
هاوكات سەعید عەلی عەبۆ، بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكگرتوو لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوایین زانیاری لەسەر رووداوەكە ئەوەیە كەحەوت كەس دەستگیركراون و دانیان بەوەدا ناوە كەتاوانەكەیان ئەنجامداوە ، بەڵام لەهەمووی گرنگتر تائێستا بۆمان رووننەبووەتەوە كەئایا لەبەر هۆكارێكی دارایی یاخود سیاسی تاوانەكە ئەنجامدراوە، سەركردایەتی یەكگرتوو بەخودی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش پێش چەند رۆژێك سەردانی توركیای كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی دۆسیەكە چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە، ئێمە هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە كەوەكو یەكگرتووی ئیسلامی بەردەوام دەبین لەبەدواداچوون و لێكوڵینەوە لەسەر رووداوەكە تاوەكو بزانین هۆكارەكانی ئەم رووداوە چی بووە یان كێ لەپەشت ئەم رووداوە گەورەیەوەیە».
وتیشی:»تاوانەكە ئەوەندە گەورەیە ناتوانین وەسفی بۆ بكەین، لەگەڵ كونسوڵخانەی توركیا لەعێراق و هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و توركیا لەسەر خەتین بۆ دوزینەوە و ئاشكراكردنی ئەو هۆكارانەی لەپشت روداوەكەن، ئەم دوو خێزانە كێشەیان لەگەڵ هیچ كەسێك نەبووە، بەپێچەوانەوە خوشەویست بوون لای هەموو خەڵكی پارێزگای دهۆك، چونكە ئەزیەتی هیچ كەسێكیان نەداوە».
بەرەبەیانی 20 ی كانوونی دووەمی 2023 تەرمی ئەو پێنج هاونیشتیمانییەی دهۆك گەڕێنرانەوە دهۆك، ئەوەش دوای كوژرانیان لەلایەن چەندكەسێك لەشەوی 19ی كانوونی دووەم، كەبریتیبوون، لە حاجی عەبدوڵلا ساڵح مەستەفا 69ساڵ، چیمەن شاهین خالد 75ساڵ هاوژینی حاجی عەبدوڵلا ، هندرێن عەبدوڵلا ساڵح، 39ساڵ كچی حاجی عەبدوڵلا، واحیدە حەیدەر جاسم 63ساڵ و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم 45ساڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار