دادگەی ئاسایشی هەولێر بۆ کۆمیسۆن: لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییه
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە گوێرەی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر کە لە 1-2-2023 دەرچووە، دادگە وەڵامی نووسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی دادگەی هەولێر، کەدەقەکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاویکردۆتەوە بڕیارەکەی دادگەی بەرایی سلێمانی لە 9-10-2022 بە رەتکردنەوەی سکاڵاکەی لاهوور شێخ جەنگی و ناساندنی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، پشتی بە "نووسراوێکی ناڕاستی" وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەستووە کە ئاڕاستەی ئەو دادگەیە کراوە، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگەی سلێمانیش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە.
دادگەی هەولێر دەڵێت، هیچ پێشینەیەکی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا نییە "بەگوێرەی مەحزەری کۆنگرەی چوارەمیش، یەکێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆکەوە بەڕێوەدەبرێت".
رۆژی 1-2-2023 دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا، وەڵامی نووسراوێکی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی داوەتەوە، کە لە رۆژی 30-1-2023 ئاڕاستەکراوە و تێیدا راستاندنی بڕیارێکی پەسندکردنی لیژنەی پەیڕەوە نێوخۆییەکان لە کۆمسیۆن دەخرێتەڕوو کە لە 12-1-2021 دەرچووە و تایبەتە بە پەسندکردنی پەیڕەوی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تێیدا هاتووە: "پشت بە هیچ نووسراوێک نەبەسترێت ئەگەر واژۆی هاوسەرۆکی پێوە نەبێت"، لەگەڵ خستنەڕووی ئەوەی ئەو پەیڕەوە نێوخۆییە لەلایەن حیزبەکەوە هەموارکراوەتەوە و لە کۆمسیۆن ئاماژەی بۆکراوە بە نووسراوێک لە 12-12-2022 و تێیدا هاتووە کە بڕگەی هاوسەرۆکی هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە دوای ئەوە کار بە هەموارەکان دەکرێت کە پەیڕەوی نێوخۆی هەموارکراوی یەکێتی بە مۆری حیزبەکەوە دوای پەسندکردن لەلایەن فەرمانگەی پەیڕەوە نێوخۆییەکانەوە پێشکەشی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان دەکرێت.
لە نووسراوەکەی داگەی هەولێردا باسی ئەوەشکراوە کە لە 30-1-2022 ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری فەرمانگەی کاروباری حیزبەکانی پەسندکردووە کە رەتکردنەوەی داواکاریی پارێزەری لاهوور شێخ جەنگییە بە ناوی "سەیوان سیروان جاسم" کە داوایکردووە پەسندکردنی بڕیارەکان رەتبکرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانگەی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان پشتی بە بڕیارێکی دادگەی سلێمانی بەستووە کە لە 9-1-2022 دەرچووە کە تێیدا لاهوور شێخ جەنگی سکاڵای لەسەر بافڵ جەلال تاڵەبانی تۆمارکرد و داوایکردبوو "پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆیی پەسندکراوی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێشەی هاوسەرۆکان بە یاسایی چارەسەر بکرێت."
وەک دەردەکەوێت، دادگەی هەولێر نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای پەیڕەوی نێوخۆی هەموارکردراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە، لە وەڵامدا لە رۆژی 15-1-2023 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی دادگەی داوەتەوە و لە نووسراوەکەدا دادگە دەڵێت: "نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت تۆماری هیچ ئەولەویاتێکی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتدا نییە، سەرەڕای ئەوەی لە رۆژی 17-10-2022 نووسراویان بۆکراوە (یەکێتی) بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە."
هاوکات پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە سکاڵاکەیان داوای خەرجیی نووسینگەی تایبەت و پاسەوان نەکراوە، بەڵکو لاهوور شێخ جەنگی لە سکاڵاکەیدا "داوای کردووە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆیی پەسندکراوی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێشەی هاوسەرۆکان بە یاسایی چارەسەر بکرێت."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی، بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
