کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 139 رۆژە بەردەوامە
سەرۆک کۆمارەکانی پێشوی ئێران دان بە دۆخی خراپی کۆماری ئیسلامیدا دەنێن
3 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 139 رۆژە بەردەوامە و تەنها لە یەک مانگدا نزیکەی 200 گەنج و لاوی کورد دەستگیر دەکرێن و دەسەڵات رێگریی دەکات لە کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی شاری خۆی لە ورمێ و پارتەکانی رۆژهەڵاتیش لە هەرێم تۆمەتەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کارگەی چەک و تەقەمەنی لە ئەسفەهان رەت دەکەنەوە.
رێگریی لە کورد دەکرێت هاوکاریی بۆ خۆی کۆکاتەوە
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداریی دەدەن لە دۆخی خراپی لێقەوماوانی بومەلەزەکەی شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاشکرای دەکەن دەسەڵاتی ئێران رێگریی لەو رێکخراو و کەسایەتی و ناوەندە سەربەخۆیانەی رۆژهەڵات کردوە کە هاوکاریی بۆ قوربانییانی بومەلەزەکە کۆدەکەنەوە.
بەهۆی نەبونی خێمە و خێوەت و شوێنی مانەوە، لێقەوماوانی شاری خۆی و ناوچەکانی دەوروبەری ناچار بە سەرما لە سەر شەقامەکان و بە بێ پەناگا سەربنێنەوە.
رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بە ناونیشانی "بانگی عەلی دایی بکەن" نوسیویەتی: پڕۆسەی فریاگوزاریی لە شاری خۆی زۆر خاوە و هەنگاوەکانی بەرپرسان لە ئاستی لانیکەمی پێویستییەکاندا نییە بۆیە پێویستە ئەو یاریزانە ناودار و کەسایەتییە خاوەن پێگانە بەدەم قوربانییانەوە بچن کە لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا لە لایەن دەسەڵاتەوە تۆمەتبار کران بە ناپاکیی نیشتیمانیی.
دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی کورد
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام زیاتر لە 100 گەنج و چالاکوانی ئەو شارە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکراون و بە بێ دادگایی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدان.
ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە کردوە لە مانگی رابردودا بە بیانوی ناڕەزایەتییەکان 182 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون کە پێدەچێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت بەڵام ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرابوە کە ژمارەیەکیان خوێندکار و مامۆستای زانکۆن.
قورسترین هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر ئێران
دوای هەفتەیەک لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکە عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی کۆماری ئیسلامی دان بەوەدا دەنێت کە هێرشی ئەلیکترۆنیی بەفراوان کراوەتە سەر دامەزراوەکانی ئێران و هەر بەو هۆیەوە خێرایی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
کۆمپانیای نێت بلاک هێرشەکەی(25/1/2023)ی پشتڕاست کردوەتەوە و رایگەیاندوە ناڕەزایەتییەکان بوەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ئێران چاودێرییەکانی بۆسەر هێڵەکانی ئینتەرنێت چڕتر بکاتەوە و ئەوەش وا دەکات کاردانەوەی گروپە هاککەر و هێرشکارە ئەلیکترۆنییەکان بەدوای خۆیدا بێنێت.
ریفۆرمخوازان لە پشتیوانیی خەڵک بێ هیوا دەبن
محەمەدعەلی ئەبتەحی، بەڕێوبەری نوسینگەی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری سەر بە باڵی ریفۆرمخوازی ئێران رایگەیاند؛ خەڵکی وڵاتە ریفۆرمخوازانیان تێپەڕاندوە و رەخنە و ناڕەزایەتیی خەڵک زۆر لەو بابەتانە گشتگیرتر و بەرفراوانترە.
لە لایەکی دیکەوە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوتر کە ئەوێش سەر بە باڵی ریفۆرمی کۆماری ئیسلامییە لە نوێترین وتاریدا رایگەیاند؛ خەلک رویان لە کۆماری ئیسلامی وەڵگێڕاندوە بەڵام ناچارن پشتگیریی و پشتیوانیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی بکەن.
ئێران بە فەرمی ئیسرائیل تۆمەتبار بە هێرشەکەی ئەسفەکان دەکات
ئێران بە فەرمی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشی سەر کارگەی چەک و تەقەمەنیی ئەسفەهان.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەک رایگەیاند؛ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند بە فەرمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هێرشەکەی سەر کارگەی چەک و تەقەمەنیی ئەسفەهان لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.
جوانکاریی لە بێژەر و پێشکارە ژنەکانی ئێران قەدەغە دەکرێت بکەن
سیما پەروانە گەوهەر، رۆژنامەنوس لە ئێران ئاشکرای کرد؛ دوو مانگە کارمەندانی بەشی میکاپ لە تەلەڤزییۆنەکانی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران دورخراونەتەوە و بە پێشکار و بێژەرە ژنەکانی ئەو تەلەڤزیۆنانە راگەیەنراوە کە دەبێت بە بێ میکیاج و جوانکاریی هەواڵ و بەرنامەکانیان پێشکەش بکەن.
سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوتەوە؛ عەلیڕەزا خودابەخشی، جێگیر ناوەندی پەخشی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی بڕیای داوە خانمانی ئەو ناوەندە بە بێ میکیاج و جوانکاریی دەرکەون.
287 رۆژ مانگرتن لە پێناو راگرتنی سێدارە لە ئێران
بڵاوبونەوەی وێنەکانی پزیشک و چالاکوانێکی مەدەنی ئێران نیگەرانیی و ئاستی بێباکیی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر زیندانیانی سیاسی و مەدەنی ئاشکرا دەکات.
فەرهاد مەیسەمی تەمەن 53 ساڵ کە بە پلەی زانستیی 9 کەسی یەکەمی زانکۆکانی ئێران بوەتە پزیشک بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی پێنج ساڵە بە بێ یەک رۆژ ئازادیی مەرجدار لە زیندانە و زیات لە نۆ مانگە بۆ راگرتنی لەسێدارەدان لەو وڵاتە مانی لە خواردن گرتوە.
مەیسەمی لە نامەیەکدا پێش مانگرتن لە خواردن بە ناونیشانی " ئەو رۆژانەی مەینەتی و ئازاری ناو ئازاریان زیاتر کردوە" نوسیویەتی: لە پێناو راگرتنی سێدارە و ئازادیی زیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی و راگرتنی ئازاری سەرپۆشی ناچاریی و زۆرەملێ بۆ ئەرکێکی سەرشانم کە بەدیهێنانی ئاستەمە بەردەوام دەبم.
خۆپیشاندان لە دەرەوە
لە شاری ڤێنیس لە ئیتاڵیا خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە مەبەستی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو وڵاتە بەڕێوچو.
