بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجەی هەرێم: تەنیا لە ساڵی 2022دا نۆ هەزار و 61 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 71 هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون و باوترینیان شێرپەنجەی مەمکە.
د. چنارعەلی بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی،ئەمڕۆ شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
وتیشی، تەنیا لە ساڵی 2022دا نۆ هەزار و 61 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە زۆرترینیان لە هەولێرن لە دوای هەولێر، پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و دهۆکیش بە پلەی سێیەم لە رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، 10 جۆر شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، باوترین جۆریان شێرپەنجەی مەمکە و دواتریش شێرپەنجەی کۆڵۆن.
هاوکات سەبارەت بەم ڕێژەیەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان،سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێرپەنجە ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت جێی نیگەرانییە، بەڵام تائێستا ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە ژێر ستانداردی جیهانییە.
