هەدەپە کۆنفڕانسی 'کۆماری دیموکرات' بۆ چارەسەری پرسی کورد ساز کرد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک لە لایەن هەدەپەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی"کورد چیان دەوێت، تورکیا چۆن دەبێت" لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیکی پارتی دیموکراتی گەلان لە ناوەندی کەلتوری جەم کاراجا لە ناوچەی باکرکۆی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک نوسەر، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، ئەکادیمی، رۆژنامەوان و هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە و پارتەکانی هاوپەیمانی هەدەپە بەشداریان کرد.
لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە قسەیان کرد. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە سەرەتادا رایگەیاند، تورکیا لە قۆناغێکی هەستیاردایە و بەشێکی زۆری کۆمەڵگا گیرۆدەی قەیرانێکی گەورەیە، وتی، " بە مەبەستی چارەسەری هاوبەش کۆنفڕانسەکەمان رێکخستووە و لە سەدساڵی نوێی کۆماردا دیموکراسی و ئازادی دەستەبەر دەکەین و لەپێناو ئەم ئامانجەدا کار دەکەین."
دواتر پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەی کرد و رایگەیاند، کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا لە قەیرانی زۆر گەورەدان کە سەرچاوەی قەیرانەکەش سیستمی تاکڕەوییە و هەژموونی تاکپەرستی هەوڵ دەدات مێشکێک دروست بکات کە کورد، عەلەوی، ئەرمەنی، ئایین، ناسنامە، کولتور، زمان، رەنگ، ژنان، گەنجان و رەنجدەران لە یەک داببڕێت و هۆکاری هەموو شکستە مێژوویی و سیاسییەکان تاکپەرستیە.
کۆنفڕانسەکە بە قسەی نووسەر، ئەکادیمی، سیاسی و کەسایەتیەکان سبەینێش بەردەوام دەبێت.
