ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 141 رۆژە بەردەوامە

هیواکان بۆ روخانی دەسەڵات لە ئێران زیاتر دەبێت

3 ساڵ لەمەوپێش



کاردانەوە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 141 رۆژە بەردەوامە و ژمارەیەک گەنجی دیکەی کورد دەستگیر کران و مەرگی فەرماندەیەکی پۆلیس لە کرماشان راگەیەنرا و سەرکردەیەکی ریفۆرمخوازان داوای گوڕینی حوکمڕانی و دەستوری کۆماری ئیسلامیی دەکات.

لە شارەکانی ئاودانان و سنە و ئیلام دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان و چالاکوانان بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام 11 کەس دەستگیر کراون.

فەرماندەیەکی پۆلیس لە رۆژهەڵات کوژرا

فەرماندەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جوانڕۆ کوژراو و چالاکوانانی رۆژهەڵاتیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەو فەرماندەیە دەستی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا هەبوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردوەتەوە؛ عەقید شەهرام حەیدەری، سەرۆکی بەشی زانیاریی پۆلیسی ئێران لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو عەقیدە لە پێکدادانێک لەگەڵ کاسبکارانی سەر سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوە و بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەک لە شاری کرماشان بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیەوە دوای 45 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ شەممە مەرگی راگەیەنراوە.

کۆماری ئیسلامی لە ئێران رەت دەکرێتەوە

ناوەندی توێژینەوە بۆ راپرسیی لە ئێران (Gamaan) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی نوێترین راپرسی 81%ی دانیشتوانی ناوخۆ و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەگەر ریفراندۆم بکرێت دەنگ بە دەسەڵاتی ئێستا نادەن .

بە پێی راپرسییەکە 67%ی بەشداربوانی ناوخۆی ئێران پێیان وایە ناڕەزایەتییەکانی ماوەی رابردو ئەنجامی دەبێت و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی لە دەرەوە گەشبینن بە ئەنجامەکانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرامبەردا تەنها 9%ی خەڵک پێیان وایەوە سەرهەڵدان و ناڕەزیەتییەکان ئەنجامی نابێت.

 

سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەکات

یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند؛ خەڵکی ئێران بڕوای بە چاکسازیی لە سیستمی ئێستای حوکمڕانیدا  نەماوە و وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کە پێویستی بە ریفراندۆمە.

پێگەی کەلیمە (کلمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکی میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردەوە کە جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە.

موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کردوە؛ رەشنوسێکی نوێ بە رەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لە لایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەویی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە ئێران ئامادە بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.

پێنج ساڵ زیندانیی لە پێناوی ئەوەی تەقەی لە خۆپیشاندەران نەکرد!

کەمال عەبدوڵڵازادە ئەو سەربازە کوردەی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا وێنەی خۆی بڵاو کردوە و رایگەیاند "لەگەڵ خەڵکم و تەقە لە کەس ناکەم" سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
 

کاتێک زمان دەوەستێت مۆسیقا دێتە گۆ

داوای کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانییەک دەکرێت..

کەیهان کەڵهوڕ میوزیکژەنی ناوداری کورد پارچەیەک لە ئاوزای خۆی و کەمانچەکەی پێشکەشی فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە لە پێناو راگرتنی سێدارە و ئازادیی زیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی و دژی سەرپۆشی زۆرەملێ 289 رۆژە مانی لەخواردن گرتوە.

کەلهوڕ لە ئەژماری ئینیستاگرامی خۆی نوسیویەتی" ئەم پارچە لە ئاوازی ئەبوعەتا (بەیات) پێشکەش بە تۆ براکەم لە رۆژانی ئازاری ناو ئازاردا.

نزیکەی 400 چالاکوان داوایان لە فەرهاد مەیسەمی کردوە مانگرتنەکەی بشکێنێت وەک ئەوان لە نامەکەدا نوسیویانە پێویستە مەیسەمی زیندوی بمێنێتەوە چونکە ژیان بەرخۆدانە.

مەیسەمی بەهۆی ئەو مانگرتنە لە زیندان نزیکەی 30 کیلۆگران لە کێشی لەدەستداوە و کێشی بۆ کەمتر لە 50 کیلۆگرام دابەزیوە لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا نابێت کێشی لە 78 کیلۆگرام کەمتر بێت.
 

 

کورد یارمەتیی بۆ خۆی کۆدەکاتەوە

وێنە؛ خەڵکی شارەکەی ژینا ئەمینی (سەقز) پێداوایستی و هاوکاریی بۆ خەڵکی شاری خۆی کۆدەکەنەوە کە دانیشتوانەکەی کوردی کورمانج و تورکن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار