ناڕەزایەتیی و کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 142 رۆژە بەردەوامە
سەرکردەکانی پێشوی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات بێ هیوا دەبن
یەک ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات لە ئێران 142 رۆژە بەردەوامە و سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمیش ناڕەزایەتیی دژی حوکمڕانیی دەردەبڕن و دەستگیرکردن و سزادانی خەڵک و رۆژنامەوانانی کورد کۆتایی نەهاتوە و رێکخراوی مافی مرۆڤیش لێبوردنە مەرجدارەکەی خامنەیی بۆ دەستگیرکراوان بە ناڕاست و فێڵاوی ناودەبات.
ئەمڕۆش ژمارەیەک گەنج لە ئاودان و سنە دەستگیرکران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لەو هەڵمەتە رەشبگیریانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ئیلام دەیکەن.
رۆژی یەکشەممە پۆلیسی ئێران هێرشی کردە سەر بنەماڵە و کەسوکاری دەستگیرکراونی شاری ئاودانان کە لەبەردەم داواکاری گشتیی لەو شارە گردبونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخستبو.
لە چەند رۆژی رابردودا دەیان گەنج و لاوی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و چارەنوسیشیان دیار نییە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران وەک کاردانەوەیەک بە لێبوردنە گشتییەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامی، رایگەیاند؛ ئەو لێبوردنەی عەلی خامنەیی بۆ بانگەشەیە و هیچ راستییەکی تێدا نییە چونکە مەرجدارە لە کاتێکدا دەبوایە سەرجەم دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرانەیە.
ئەو رێکخراوەیە لە بەیاننامەیەکدا کە وەک کاردانەوە بە لێبوردنەکە بڵاوی کردوەتەوە؛ رایگەیاندو کە دەبێت سەرجەم خۆپیشاندەران و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرن و هاوکات وەک جێبەجێکردنی دادپەروەریی پێویستە سەرجەم ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە دەستیان لە سەرکوتەکاندا هەبوە کە ئەوەش مافی گشتییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە غوڵام حوسێن موحسێنی ئێژەی، سەرۆکی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لێوبوردنەکەی خامنەیی رایگەیاند؛ دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانەی سزادراون دادەخرێت نابێتە پێشینە بۆیان.
رۆژنامەوانێکی کورد 17 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا
رۆژنامەوانێکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بانگەشە دژی دەسەڵاتی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
بە پێی زانیارییەکان کوردپور بەهۆی ئەو سزایەوە لانیکەم دەبێت نۆ مانگ زیندانیی بکرێت.
سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە چاکسازیی بێهیوا دەبن
محەمەدخاتەمی، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی ریفۆرمخوازان لە ئێران و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتکە لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، دەڵێت: گەنجانی وڵاتەکە زۆر بێزار و ناڕازین و ئەو بێزاریەش نەوەی رابردوی گرتوەتەوە چونکە سەرکوت کراون و بەشێویەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بە بڕوای ئەو" چاکسازیی لە کۆماری ئێسلامی ئێران پەیوەندیی بە گۆڕانکاریی لە دەستور و چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بە گەڕانەوە بۆ جەوهەر و هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە".
ئەو وتوشیەتی" هیچ ئاماژەیەک لە دەسەڵاتدا بەدی ناکرێت بە ئامانجی چاکسازیی و دورکەوتنەوە لە دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابرد و ئێستای".
خامنەیی لێبوردن دەردەکات
رێبەری کۆماری ئیسلامی بڕیارى لێبوردنی گشتی و مەرجدار بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەردەکات و لێبوردنەکە لە 11ی ئەم مانگە جیبەجی بکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئازادکردنی دەستگیرکراوان بە مەرج دەبێت، بەو پێیە دەبێت هیچ دەستگیرکراوێک تۆمەتی سیخوڕی لەسەر و راستەوخۆ لەگەڵ دەزگاهەواڵگریە بیانیەکان پەیوەندیی نەبوبێت و تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی لەسەر نەبێت.
پێشبینی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئێران دەکرێت
محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراوان لەسەر شەقامەکان نەماوە بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش دژی کۆماری ئیسلامی لە مێژودا هاوشێوەی نەبوە.
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردوەتەوە؛ هەڵەیە ئەگەر بەرپرسان پێیان وابێت ناڕەزایەتییەکان کۆتایی هاتوە چونکە کێشەکان چارەسەر نەکراون و لە ئان و ساتدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان هەیە.