ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 143 رۆژە بەردەوامە

میدیای دەسەڵات سەرۆک کۆماری پێشوتریان بە داهۆڵ و بوکەڵە ناوهێنا

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 143 رۆژە دژی دەسەڵات بەردەوامە و لە کرماشان و تاران و دەیان شاری دیکە هێرشی شەوانە بۆسەر دامودەزگاکانی حکومەت و سوپای پاسداران درێژەی هەیە و میدیاکانی سەر بەدەسەڵات هێرشی توندیان کردە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکە و لە شاری ورمێ 16 دەستگیرکراو تەنها لە پێنج خولەکدا دادگایی کران.

تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەستگیرکراوانی ورمێ

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ رۆژی دوشەممە یەکەم دانیشتی دادگای 16 کوڕ و کچی شاری ورمێ بەرێوچوە کە تەنها پێنج خولەکی خایاندوە و دادوەر رایگەیاندوە هەر یەکەیان بە دو ساڵ تا پێنج ساڵ زیندان سزا دەدرێن.

ئەو 16 کەسە لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و تۆمەتی سیخوڕیی و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نایاسایی خراوەتە پاڵ.

ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی ورمێ

دۆسیەی سێجار سێدارە

پارێزەری جەواد روحی، کە سزای سێ جار لەسێدراەدانی بەسەردا سەپێنراوە، رایگەیاند؛ دۆسیەی لەسێدراەدانی ئەو گەنجە رەوانەی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە و بە پێی ئەو مەرجانەشی کە لە لێبوردنە گشتییەکەی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئاماژەی پێکراوە، لێخۆشبونەکان نایگرێتەوە.

جەواد روحی کە تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری ئامۆل-ە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازەندەرانی باکوری ئیڕان دەستگیر کراوە و تۆمەتی دژایەتیی خوادا دراوەتە پاڵی و بەهۆی ئەشکەنجەشەوە توانای قسەکردنی لەدەستداوە.

دەستدرێژیی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دەستگیرکراوان

رۆژنامەیەکی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەڕامبەر کوڕان و کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاو دەکاتەوە.

رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و لە زاری 11 ژن و کچ و کوڕی دەستگیرکراو زانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە.

ژنێکی تەمەن 40 ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خوازراوی (سارا) بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ لە یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوەتەوە.

 

هاوسەرەکی سەرۆک کۆماری ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان هاتە دەنگ

جەمیلە علمەلهودا، هاوسەری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە پلانی ئەمریکا بوە و بە وتەی ئەو سەرجەم ئە کەسانەی لە شەقامەکانی وڵاتەکە دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕیوە "تیرۆریست" بون.

میدکانی دەسەڵات هێرش دەکەنە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران

دوای ئەوەی رۆژی رابردو محەمەد خاتەمەی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رەخنەی لە دەسەڵاتدانی کۆماری ئیسلامی گرت و بێهیوابونی لە چاکسازیی راگەیاند، میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک داهۆڵ و بوکەڵە ناوزەدیان کرد و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکەیان بە مەترسیی بۆسەر ئیسلام و دەستوری ئێران لەقەڵەم دا.

ئەوین یان ئازادیی

وێنەی ئەو دڵداڕانەی گوللـە و گۆڕ دایبڕین

لە ناو کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەیەک دڵدار و دەستگیران پێش ئەوەی پێکبگەن کوژران و ژمارەیەکیشان دوای تەمەنێکی کەم لە پێکەوەبون بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.

وێنەی هەر یەکە لەو هاوژین و دڵدارانەی کە لە ناڕزایەتییەکاندا خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە چیرۆکێکە لە قوربانیدان بۆ ئازادیی چونکە ئەوینی ئەوان بوەتە فیدای ئازادیی.

وێنەی زانیار ئەبو بەکری(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە مەهاباد، یەحیا رەحیمی(کوژراو) و هاوژینە تازە پێکگەیشتوەکەی لە سنە  و حەنا کیا(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە شاری نەوشەهەر لە باکوری ئێران پڕن لە چیرۆکی ئەوینداریی.

کوژرانی ئەوان و عەلی فتوحی و عەلیڕەزا خۆشاکار و بێنهام لایەقپور کە گیانیان بۆ ئازادیی بەخت کردوە خەمێکی قوڵیان بۆ خۆشەویست و دڵدارەکانیان جێهێشتوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار