ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 144 رۆژە بەردەوامە

بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە بازرگانی و فرۆشی نەوتی ئێران زۆر کەمی کردوە

3 ساڵ لەمەوپێش



شێوازی جیاوازی ناڕەزایەتییەکان بە دروشم نوسین و سوتاندنی بنکە و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی ئێران 144 رۆژە بەردەوامە و پێگەیەک ئاشکرای دەکات کە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان زیندانیانی ئاسایی ئازاد دەکات و لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک گەنج و لاو دەستگیرکران و ژمارەیەک چالاکوان و خۆپیشاندەر سزای زیندانی و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێنرا.

ناڕەزایەتییەکان زیاترین کاریگەرییان لە بوارەکانی نەوت و بازرگانی و بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە و ئاماژەکانی قوڵبونەوەی قەیرانەکان لە ئامارەکاندا ئاشکرا دەبێت.

نوسینی دروشم و سوتاندنی پۆستەر و وێنەی سەرکردەکان و بنکە و ناوەندەکان و تێکدان پەیکەر و هێماکانی کۆماری ئیسلامی بوەتە کێشەیەکی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئێران و لە دوای نەمانی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی و بەرفراوان، ئەو دیاردانە بە ئاستێک زیادی کردوە کە بە وتەی هەندێک سەرچاوەی دەسەڵات تێچوی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان لە زیانی خۆپیشاندانەکانی سەرشەقامەکان زیاترە.

ئەمڕۆ ژمارەیەک گەنج و لاو لە شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و سنە دەستگیر کران و ژمارەیەکیش چالاکوان و خۆپیشاندەر سزای زیندان و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێنرا.

ژنە چالاکوانێکی کورد بە ناوی فریشتە حوسێنی تەمەن 38 ساڵ بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگایەکی شاری بۆکان سزای هەشت مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا لە لایەکی و هاوکات سزای هەشت مانگ زیندانی و 50 قامچی بەسەر دو گەنجی شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشاندا سەپێنرا.

لێبوردن بۆ کەمردنەوەی خەرجییەکان

پێگەی (رویداد 24) لە ئێران؛ ئاشکرای کردوە ئازادکردنی ئەو زیندانی و دەستگیرکراوانەی بەر لێبوردنە گشتییەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی دەکەون مانگانە زیاتر لە 66 ملیۆن دۆلار خەرجیی بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

ئەو پێگەیە ژمارەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بە 30 هەزار کەس لەقەڵەم داوە و نوسیویەتی؛ بە گشتی زیاتر لە 240 هەزار کەس لە زیندانەکانی ئێراندا بەند کراون کە حکومەت پێش ناڕەزایەتییەکان پلانی هەبوە ژمارەی ئەو کەسانە بۆ 20 هەزار کەس کەم بکاتەوە.

تەندروستیی و سەرپۆش

وەزیری تەندروستیی ئێران هۆشداریی دەدات ئەگەر هەر پزیشک و دەرمانخانە و ناوەندێکی تەندروستیی پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشی نەبن دادەخرێن و رێگە بەو کەسانەش نادرێت لە ناوەندە تەندروستییاکان و نەخۆشخانەکانە حکومەییەکاندا کاربکەن کە پێچەوانەی رێنماییەکانی تایبەت بە باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوت دەکەن.

ئێران دوای هەشت ساڵ بنکەیەکی سەربازیی لە ژێر زەوی ئاشکرا دەکات

ئێران بنکەیەکی سەربازیی لە ژێر زەوییەوە ئاشکرا دەکات و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات.

محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتی ئاشکراکردنی بنکەیەکی هێزەکانی ئاسمانیی لە ژێرزەویی بە ناوی (هەڵۆ 44) یان (عوقاب 44) هەڕەشەی لە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە کرد.

بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دروستکردنی ئەو بنکە سەربازییە هەشت ساڵی خایاندوە و هیچ بۆمێک ناتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەو بنکەیە هەبێت کە فڕۆکەی جەنگیی و کەرەستەی سەربازیی تێدا حەشار دراوە.

فرۆشی نەوتی ئێران لە سفر نزیک دەبێتەوە

رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای کرد؛ ئەو کەشتییانەی پێشتر بە نهێنی نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکردەوە لە ئێستادا لە بەرژەوەندیی وڵاتێکی دیکە ئەو کارە دەکەن و دەستبەرداری ساخکردنەوەی نەوتی ئێران بون.

رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بەریتانی بڵاوی کردەوە؛ ئەو کەشتییانەی کە نەوتی ئێرانیان بە نهێنی لە پێناو دەربازکردنی وڵاتەکە لە سزا نێودەوڵەتییەکان لە بازاڕەکانی نەوتی جیهان ساخ دەکردەوە لە ئێستادا نەوتی روسیا دەگوزانەوە.

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەکە ئەو کەشتییانە کە ژمارەیان لە 16 کەشتی زیاترە و بە کەشتی رۆحەکان ناودەهێنرێن بەهۆی سزاکانی سەر نەوتی روسیا لە ئێستا نەوتی ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکەنەوە.

 

ئەمریکا لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە بیر لە رێککەوتنی نوێ دەکاتەوە

پێگەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لێخۆشبونێکی بۆ مۆسکۆ و تاران دەرکردوە تا هاوکاریی ئەتۆمییەکانی روسیا بۆ ئێران بەردەوام بێت.

پێگەی واشنتۆن فری بەیکن(The Washington Free Beacon) لە ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکە فەرمانی لێخۆشبون بۆ هاوکاریی ئەتۆمیی روسیا لەگەڵ ئێران دەرچوە.

بە پێی ئەو فەرمانەی بایدن کە لە 31ی مانگی رابردودا دەرچوە و چواری ئەم مانگە کۆنگرێسی لێ ئاگادار کراوەتەو، کۆمپانیاکانی سەر بە رۆس ئەتۆم (Rosatom) بەردەوامبن لە هاوکارییەکانیان بۆ وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە ئێران.

 

بازرگانیی ئێران لە لێواری هەڵدێر

ژوری بازرگانیی ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی تەنها بازرگانیی لەگەڵ پێنج وڵاتی جیهاندا هەیە و ئەندامێکی ژوری بازرگانیی دەڵێت؛ ژاپۆن سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ تاران رادەگرێت.

بەهرام شەکوری، ئەندامی ژوری بازرگانیی ئێران رایگەیاندوە؛ بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران، ئاستی بازرگانیی وڵاتە زۆر دابەزیوە و لە ئێستا تەنها لەگەڵ پێنج وڵات بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکرێت.

بە وتەی شەکوری، ئێران لە ئێستادا راستەوخۆ لەگەل (چین،ئیمارات، تورکیا،عەممان، ئیمارات) ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار