دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە دژى خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی هەرێم تۆمارکرابوو
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە دژى خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکرابوو.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە رەتکردنەوە ئەو سکاڵایە کە تایبەت بوو بە خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
لەم بارەیەوە وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندوە، دادگە سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایە رەتکردووەتەوە، کە ناچێتە چوارچێوەى ماددەى 93ـى دەستوور و ئەو پرسە لە تایبەتمەندیى دادگەى کارگێڕیى هەرێمى کوردستانە.
وتیشی ،"ئەو سکاڵایە لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە تۆمارکرابوو"، کە تێیدا داوا کرابوو سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت بە خەرجکردنى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە نێوان 15ـى ئابى 2015 تاوەکو 1ـى 12ـى 2022 چونکە پێچەوانەى هەردوو ماددەى 29 و 30 ـى دەستوورى عێراق و یاساى چاودێریى کۆمەڵایەتیى ژمارە 126ـى ساڵى 1980ـى عێراقە."
جێگەیباسە،لەدواى بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى فدراڵیەوە لە ساڵى 2015، حکومەتى هەرێمى کوردستان پەناى بۆ بڕینى بەشێک لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان برد، کە بە پاشەکەوتى مووچە ناسرا،لەو ماوەیەدا حەوت مووچەى تەواوى فەرمانبەران پاشەکەوتکرا و 33 موچەش بەشێکى لێ پاشەکەوتکرا.
