ناڕەزایەتیی و کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 146 رۆژە بەردەوامە
کوردێک داوا لە ئەمریکا دەکات دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران نەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
سەرەڕای سەرکوت و سەپاندنی سزا 146 رۆژە ناڕەزایەتیی و کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و ناوەندێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات تەنها لە رۆژهەڵات 400 خوێندکار سەرەتایی و دواناوەندیی دەستگیرکراون و دەسەڵاتی ئێران حاشا لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان دەکات و بە دەیان چەکدار و ئۆتۆمبێلی سەربازیی رێگرییان کرد لە بەڕێوچونی چلەی کوژراوێکی ناڕەزایەتییەکان لە شاری جوانڕۆ.
دەستگیرکردن و سزادان بەردەوامە
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری جوانڕۆ بە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدار و ئۆتۆمبێلی سەربازیی رێگرییان کرد لە بەڕێوچونی چلەی مەرگی بورهان یاسین کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی کوژرا.
ئەمڕۆ ژمارەیەک گەنج و لاوی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردسان دەستگیرکران و چالاکوانێکی کرێکاران لە سەقز رەوانەی زیندان کرا.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 400 خوێندکاری ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان کچ بون.
ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە کردوە؛ تەنها ناو و ناسنامەی 186 خوێندکاری کورد ئاشکرا بوە کە 32 کەسیان کچ بون و 154 کەسیشیان کوڕ بون کە زۆرینەیان جگە لە چەند کەسێکیان نەبێت تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە رۆژی پێنجشەممە 16 خوێندکاری زانکۆ بە بیانوی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆی زابۆل لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دورخراونەتەوە.
فەرهاد مەیسەمی پزیشک و چالاکوانی ئێران لە نامەیەکدا رایگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی دڵسۆزان و دۆستانی داوایان لێکردوە کە مانگرتنەکەی بشکێنێ بەڵام بڕیاری داوە بەردەوام بێت چونکە بڕوای وایە دەبێت مرۆڤ دژی دەسەڵاتی ستەمکار بوەستێتەوە.
مەیسەمی کە لە زیندانی رەجایی شەهر لە شاری کەرەج بەند زیاتر لە پێنج ساڵە بەند کراوە جەختی لەوە کردوەتەوە کە پێویستە سەرهەڵدانی گشتگیر روبدات بۆ ئەوەی هەموان داوای مافی ژیان و خواستە رەواکانیان بکەن بۆیە سورە لەسەر مانگرتنەکەی کە زیاتر لە 300 رۆژە بەردەوامە.
مەیسەمی 30 کیلۆگران لە کێشی بەهۆی مانگرتنکەوە لەدەستداوە و کێشی بۆ کەمتر لە 50 کیلۆگرام دابەزیوە.
ئەمریا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
ئەمریکا سزادانی نۆ کۆمپانیای سەر بە کۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی دیکەی راگەیاند کە نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ کردوەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ناوی شەش کۆمپانیای بەرهەمهێنی بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی ناوخۆی ئێران و سێ کۆمپانیای وڵاتانی سەنگاپورا و مالیزیا هاتوە کە بە هۆی ساخکردنەوەی نەوتی ئێران کەوتونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا.
سینەماکارێکی کورد داوای راگرتنی دانوستانی ئەتۆمیی ئێران لە ئەمریکا دەکات
بەهمەن قوبادی، سەینەماکاری کورد رایگەیاند؛ لەگەڵ رۆبەرت مەڵی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کۆبوەتەوە و پێی راگەیاندوە واشنتۆن مافی ئەوەی نییە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێبکاتەوە.
Had a valuable conversation today with internationally acclaimed filmmaker Bahman Ghobadi about his art, his activism, and the struggles of the people of Iran, including Kurdish, Baluchi, and other minority groups. pic.twitter.com/E30M0WMI8f
— Special Envoy for Iran Robert Malley (@USEnvoyIran) February 9, 2023
ئێران حاشا لە دەستگیرکردن و سزادانی رۆژنامەنوسان دەکات
ئێران رەتی دەکاتەوە رۆژنامەنوس لە وڵاتەکەی دەستگیرکرابێت و رێکخراوێکیش ئاشکرای دەکات نزیکەی 100 رۆژنامەنوس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون.
ئەمریرعەبدوڵاهیان، جەختی لەوە کردوەتەوە هیچ رۆژنامەنوسێک لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر نەکراوان تەنها ژمارەیەک کەس کە خۆیان بە رۆژنامەنوس ناوهێناوە دەستبەسەرن.
ئەو وەزیری دەرەوەی ئێران داوای میدیاکانی ئەمریکا کردوە کە وەک رژێم ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران نەهێنرێت چونکە بە وتەی ئەو حکومەتی وڵاتەکەی یاساییە و بە هەڵبژاردنی خەڵک هاتوەتەسەر کار.
بڕینی ئینتەرنێت لە ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە هەشت ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوەتەوە
بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی سەدری ؛ زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە.
