جەمیل بایک داوا لە هێزەکانیان دەكات چالاکییە سەربازیەكانیان رابگرن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بە هۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە سەربازیەكانیان ڕابگرن و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی روداوكەش کرد.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان- (کەجەکە) سەبارەت بە بومەرزەکەی شەشی شوباتی ناوچەی پازاچخی مەرەشی باکوری کوردستان و بومەلەرزەکانی تورکیا و ناوچەکە پەیامێکی بڵاوكردەوە.
بایک لە پەیامەکەیدا داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بە هۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن، و هەتا سوپای تورکیا هێرش نەکات هێزەکانیان هیچ پەرچەكردارێكیان نەبێت.
بایک ڕایگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە، هەتا ڕژێمی تورک هێرش نەکات و بەسەرماندا نەدات، هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک لە نێو شارەکان، مەترۆپۆلەکان و تورکیا ئەنجام نەدەن، پێویستە هەموومان و سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بین، هەڵبەتە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاش بەرامبەر بە بڕیارەکەمان دیاریکەر دەبێت بۆمان. جەمیل بایک رووی لە گەل و ڕای گشتیی كردو وتی: گەلە هێژاکەمان، بومەلەرزەی بەهێز کارەستای گەورەی خوڵقاندوە، بەوهۆیەوە لە باکور ورۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا گەلەکەمان و گەلان لە ناو دۆخێکی سەختدان، بە تایبەتی بە هۆی سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی داگیركەر و قڕکەری تورکەوە، خەڵکی رووبەڕووی ئازاری زیاتر بووەتەوە.
گەلانی کورد، تورک و عەرەب کەوتوونەتە دۆخێکی زۆر دژوار و خراپەوە، ئەو دۆخە و هەستی کۆمەڵگە کاریگەری زۆری لەسەرمان داناوە و غەمباری کردین. وتیشی: بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ڕەوانشادی و لای خودا بەزەییان بۆ دەخوازم، بۆ بریندارەکانیش خوازیاری زوو چاکبوونەوەیانم، و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان و هەموو گەلەکەمان دەکەم. جەمیل بایك لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: کارەساتباران و کەسوکاری قوربانیان، ئێمە هەست و ئازارەکانتان دەكەین و لەگەڵیاندا دەژین، بومەلەرزە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو جیهان روو دەدات، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەی دەوڵەتان ڕێوشوێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەگرنەبەر، بەوهۆیەشەوە زیانەکانی بومەلەرزە کەمتر دەبن، داڕووخانی خانوو و باڵەخانەکان و زیانە گیانییەکان کەم دەکرێنەوە، بەڵام کە لە دۆخی تورکیا دەڕوانین، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست نابینن، بۆیە کارەساتی گەورە دەقەومن، هێشتاش هەزاران لە کەسوکارمان لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە داڕووخاوەکاندان، پێویستە ئێمە هەرچی زووە ئەوان دەربهێنینەوە و رزگاریان بکەین، چوونکە زستانە، بەفرە و بارانە، ئەگەر هەیە بەو هۆکارە و زوو بەهاناوەنەچوونیانەوە، زۆرێکیان گیانیان لەدەست بدەن.
بۆیە دەبێت دەستوبرد و هەرکەس چی لەدەست دێت بیکات و لە چاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە، بەهەموو توانا و دەرفەتێکەوە سەفەربەر ببێت و بەهانای لێقەوماوان و خەڵکە کارەساتبارەکەوە بچێت.
