پۆلیسی هەولێرسێ کەسیان بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیلی گەشتیارێکی ئەڵمانی دەستگیرکرد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای دزینی ماتۆرسکیلی گەشتیارێکی ئەڵمانی، ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بەشی نەھێشتنی تاوان باندێکی سێکەسیان دەستگیرکرد کە تاوانەکەیان ئەنجام دابو و ماتۆرسکیلەکەشیان رادەستی گەشتیارەکە کردەوە تاکو بەردەوام بێت لەگەشتەکەی.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان سێ کەسیان لەسەر روداوەکە دەستگیرکردوە کە پێشینەی تاوانیان هەبوە و نۆ تاوانی دزیکردنی دیکەشیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر وتیشی، ماتۆڕسکیلی ئەو گەشتیارە ئەڵمانییە نرخەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆلار بوە و ئەمڕۆ رادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە.
