هەپەگە: ئێمە شەڕمان راگرتووە بەڵام سوپای تورکیا لە هێرشەکانی بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەپەگە رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بومەلەرزەکەی باکور و تورکیا شەڕیان راگرتووە، بەڵام سوپای تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر هێزەکانیان و گەریلایەک شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بەردەوامی ‌هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گەریلاکانیان کرد.

هەپەگە دەڵێت، " بۆ ئەوەی گەلانی کوردستان و تورکیا برینەکانیان سارێژ بکەن کە بەهۆی بومەلەرزەوە ئازاری زۆریان پێگەیشتووە، تەڤگەرەکەمان شەڕی راگرت و کەوتە دۆخی پاراستنی رەوا، بەڵام سوپای تورکیا بە بۆمبی قەدەغەکراو و تانک و چەکی قورس هێرش دەکات سەر سەنگەرەکانی بەرخۆدانمان."

لە راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، " سوپای تورکیا رۆژی ٩ی شوبات بە چەکی قورس هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلاکان لە نزیک گوندی سیدای سەربە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی و بەوهۆیەوە هاوڕێمان مەزلۆم شەهید بوو. ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکەمان مەزلۆم دواتر بۆ گەل و رای گشتی ئاشکرا دەکرێت."

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە هێزەکانیان لەدژی هێرشی سوپای تورکیا ناچاربوون خۆیان بپارێزن و وتی، " لە ئەنجامی وڵامی هێزەکانماندا سەربازێک کوژراوە و گورز لە هەلیکۆپتەرێکی جەنگی وەشێنراوە."

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هەموو هێزەکانی سەر بە پەکەکە کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بتوانرێت هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا بکرێت، شەڕ رابگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار