ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبونەوە و باسیان لە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ کرد، لەکۆبونەوەکەدا شاندی هەرێم داوایکرد یاساکە لە چوارچێوەی دەستور و لە خزمەت هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لە کۆبونەوەکەدا ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕو".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو.
ئاوات جەناب نووری ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێکەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بارەی رەشنووسی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو.
دواتر د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە روئیای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد.
بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد.
لەو سەردانەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی سەردانی رابردووی کە لەسەر بابەتی رەشنووسی یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە زیانیان پێگەشتبوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی شوباتی ٢٠٢٣
هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەیس شاهر، بریکار وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی نەوت ئامادە بوون.
وەزارەتی نەوت دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسەی نەوت و گاز.
لە کۆبوونەوەکەدا "وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە بەڕێوەبەردنی سامانی نیشتمانی و پەرەپێدان و پاراستنی، بەپێی دەستوور و یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، بەشێوەیەک سوودی بۆ گەلی عێراق هەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".
