پەکەکە: ئاکەپە دۆخی بومەلەرزە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی بەکار دەهێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەکەکە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەیە بە راگەیاندنی 'باری نائاسایی' هەوڵی سیاسیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدات و لەسەر ئەو بنەمایە تەمەنی حکومەتەکەی درێژ بکاتەوە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگە لە باکور و تورکیا – رۆژئاوا و سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەم کارەساتەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.
پەکەکە وتی، " ئاشکرایە کە لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، زیانێکی زۆری بە گەلی کورد و گەلانی تورکیا و سوریا گەیاند. وەک گەلی کورد، وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، زیانەکانمان زۆر قورسن، ئازارەکانمان زۆر گەورەن. هاوبەشی خۆمان بۆ ئازاری هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەم بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە نیشان دەدەین. خوای گەورە ڕەحم بەو کەسانە بکات کە لەم کارەساتە گەورەیەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە، هاوخەمی خۆمان بۆ گەلەکەمان، بۆ گەلی تورکیا و سوریا، بۆ مرۆڤایەتی دەرببڕن."
پەکەکە باسی لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیا لەم کاتەدا کرد و ئەوەی خستەڕوو، " بێ گومان بومەلەرزە کارەساتێکی سروشتییە کە لە ژێر زەویدا ڕوودەدات. دۆخی سەر زەوی تا چ رادەیەک کاریگەری لەسەر ئەمە هەیە تا ئێستا بە باشی نازانرێت. بەڵام مرۆڤایەتی باش دەزانێت کام ناوچە ناوچەی بوومەلەرزەن. دەزانرێت کە هێڵی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە شاری مەرەش بوو ناوچەیەکی گرنگی بوومەلەرزە. جگە لەوەش پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەبەرامبەر بومەلەرزەکە گونجاو نەبوون، هیچ ڕێوشوێنێکی جددی بەرامبەر بومەلەرزەکە نەگیراوەتەبەر و ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوانە بووە کە لە کاتی بومەلەرزەکەدا ڕوویانداوە. بە ڕوونی دەبینرێت ساڵانێکە دەیان ملیار دۆلار لەنێو کۆمەڵگادا کۆکراوەتەوە کە دەگوترێت بۆ رووداوی بوومەلەرزەیە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەهێنراوە، پێشکەش بە لایەنگرانی ئاکەپە-مەهەپە کراوە و کۆتایی بەو پارەیە هێنراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە، " دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە تورکیا، هیچ رێوشوێنێکی بەرامبەر بومەلەرزە نەگرتووەتەبەر. ئەو باجەی بەناوی بومەلەرزەوە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە، خەرج کراوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت دۆخی بومەلەرزە بۆ هەڵبژاردن بەکار بهێنێت و لەلایەکی دیکەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە کە پێویستە گەلانی تورکیا رێگە بەوە نەدەن."
