کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 149 رۆژە بەردەوامە

سەرۆک کۆماری ئێران داوای توندکردنەوەی یاسای سەرپۆش دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکان 149 رۆژە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و رۆژنامەیەکیش 15 پلانی دەسەڵات بۆ زیادکردنی کۆتوبەند لەسەر دانیشتوانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و لە جوانڕۆ لاوێکی 17 ساڵان بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێنرا و چەند چالاکوانێکی کورد و مامۆستایی ئایینیی بە دانانی بارمتە ئازادکران.

دوو مامۆستای ئایینیی شاری پیرانشار ئازاد کران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا.

ئەمڕۆ شەریف مەحمودپور و سلێمان ئەحمەدی دوای زیاتر لە 20 رۆژ دەستبەسەرکردن بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتەی 11 هەزار دۆلار تا رۆژی دادگایکردنیان ، ئازاد کران.

لاوێکی تەمەن 17 ساڵی شاری جوانڕۆ بە ناوی کیانوش ئەعزەمی لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای 10 مانگ زیندانیی لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپێنرا.

کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی بەهار لە هەمەدان بە ناوی قوباد یاریی بە بیانوی بونی 23 کتێبی کوردی لە مۆبایلەکەیدا 91 رۆژ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە جەمال عەلیزادە، خەڵکی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 66 هەزار دۆلار تا بەڕێوچونی دادگا لە زیندان ئازادکرا.

لێوردنی 100 هەزار کەس و ئازادکردنی تەنها 395 کەس

رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا 395 زیندانیی بەهۆی لێبوردنە گشتییەکەوە ئازاد کراون لە کاتێکدا بڕیارە ئەو لێبوردنە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە.

داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەسانەی دەستیان لە بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هەبوە لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە.

عەلی خامنەی، رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک هەمو ساڵیادەکانی دیکەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لێبوردنێکی گشتیی دەرکرد کە بڕیارە 100 هەزار دەستگیرکراو و بەندکراوی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.

ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشی کردوە لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی ، پەرلەمان و کابینەی حکومەت 15 پلانیان بۆ سنوردارکردن و سەپاندنی سەرپۆش و کۆنتڕۆڵی زیاتری کۆمەڵگا خستوەتەڕو کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن.

 

تمەن بەردەوامە لە دابەزین

جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە.

ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت.

بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە.

دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا.

داوا دەکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا

ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد و ئێران بە دانانی وێنەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری پاریس داوایان کرد سوپای پاسداران کە بکوژی زۆربەی ئەو کەسانەیە بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.

سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەسەر پۆش دەکاتەوە

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سەرپۆش بۆ کۆماری ئیسلامی بناغەی سەرەکییە و دەبێت سەرجەم دامودەزگاکان هەوڵ بدەن بۆ رازیکردنی کۆمەڵگە لە پێناو جێبەجێکردنی سەرپۆش.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کە بە بیانوی نەگونجابونی سەرپۆش دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون گیانی لەدەستدا ئەوە یەکەمجارە دوای پێنج مانگ ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی جەخت لە جێبەجێکردنی سەرپۆشی زۆرەملێ دەکاتەوە.

 

ئێران چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ژنان جیا دەکاتەوە

شادی مەلەکی، بەڕێوبەری ناوەندنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە تاران رایگەیاند؛ بۆ یەکەمجار شوێنێکی تایبەت بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی خانمان لە تاران دامەزراوە کە سەرجەم وەستا و کارمەندەکانی لە ژنان و کچان پێکهاتون.

مەلەکی ئاماژەی بەوەکردوە ئەو شوێنە کە تایبەتە بەو خانمانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلن یان شۆفێریی دەکەن، رۆژانە توانای تاقیکردنەوەی 700 ئۆتۆمبێلی لەسەر دەستی خانمان هەیە و دەیان ئۆتۆمبێلیش کە کێشەیان هەیە لە لایەن ئەو خانمانەوە چاک دەکرێنەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار