کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 150 رۆژە بەردەوامە
ئێران لە گەورەترین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دوردەخرێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران گەیشتە 150 رۆژ و حکومەت هەوڵی گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەدات کە وڵاتەکەیان جێهێشتوە و ئەمڕۆ ژمارەیەک چالاکوانی کورد بە مەرج و دانانی بارمتە ئازاد کران.
ئینتەرنێتی دوژمن
حسێن تائیب، راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند؛ ئینتەرنێت بەدەست دوژمنەوەیە بۆیە ناچارن سنورداری بکەن.
تائیب وتویەتی لە ئێران کێشەی نەتەوەیی و شیعە و سوننە بونی نییە و تەنها هەندێک کەس مەبەستیانە بەو بیانوانەوە کێشە بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەن.
ئازادکردنی مەرجداری چالاکوانان
ئەمڕۆ ئایەت عارفی نیا، چالاکوانی کورد لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام دوای 105 رۆژی دەستبەسەربون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هاوکات دوو چالاکوانی کورد بە ناوەکانی سۆما و سروە پورمحەمەدی بە دانانی بارمتە لە شاری سنە ئازاد کران ئەو دوو خانمە ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی (نۆژین)ـن.
خانمە تێکۆشەرێکی کورد دوای زیاتر لە یەک ساڵ زیندانیی ئازادکرا
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە خەدیجە مەهدی پور تەمەن 34 ساڵ خەلکی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام کە بە تۆمەتی بێڕێزیی بە رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سزای 20 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو، دوای 15 مانگ مانەوە لە زیندان ئازد کرا.
گوڵەکانی بەهەشت لە بۆکان
دایكێک هاوشێوەی سەردانی گڵکوێ کوڕە کوژراوەکەی گوڵی سور لەسەر گڵکۆی ئەو گەنج و لاوانەی شاری بۆکان دادنێت کە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و نزایان بۆ دەکات کە ببنە گوڵێک لە گوڵەکانی بەهەشت.
دایکی شەهریار محەمەدی یەکێک لە کوژراوانی شاری بۆکان بە گوڵی سور گڵکۆی کوژراوانی ئەو شارە بەسەر دەکاتەوە کە چیرۆکی کوژرانی کوڕەکەشی پڕە لە ئازار.
محەمەد حەسەن زادە کە هاوڕێ نزیکی شەهریار بو لە (19/11/2022) بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێت شەهریار تا بەرەبەیان بە دیار تەرمی هاوڕێکەیەوە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی تەرمەکەی لە لایەن هێزی ئەمنی و هەواڵگرییەوە نەڕفێنرێت بەڵام لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی محەمەد هێزە ئەمنییەکان تەقە لە خەڵک دەکەن و شەهریاریش لەو رۆژەدا (20/11/2022) دەکوژرێت.
مەرگی ئەو دوو هاوڕییە چیرۆکێکە لە ئازار و ژانی کوژرانی ئەو دەیان گەنج و لاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەدەست هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئێران کوژران.
تەنها لە شاری بۆکان زیاتر لە 17 گەنج بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و کەسێکیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
ئێران لە گەورەترین کۆنفڕانسی ئاسایشیی جیهان دوردەخرێتەوە
ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی و دژایەتیی ئیسرائیل، بانگهێشت کۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ناکرێت و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت؛ رۆڵی وڵاتەکەی لە ئاسایشی جیهان و ناوچەکەدا گرنگە.
ئەمڕۆ دوشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەگەر ئامانجی کۆنفڕانسی میونخ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە ئەوا بانگهێشت نەکردنی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە لە لایەن ئەڵمانیاوە.
کۆماری ئیسلامی هەوڵی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی ئێران بۆ وڵاتەکەیان دەدات
حکومەتی ئێران رایگەیاند؛ پلانی هەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو کسانەی لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن و سەرۆک کۆماریش بەڵێن دەدات دەستگیر نەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لێنەکرێت.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ؛حکومەت بە دیارییکرداوی دەیەوێت ئەو گەنج و لاوە وەرزشکار و پاڵەوان، خوێندکار و هونەرمەندانە رازی بکات بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی پێنج مانگی رابردو رویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە کردوە.
