بایک بەبۆنەی 15ی شوباتەوە: ئیمرالی سیستمی پاکتاوکردنی کورده
3 ساڵ لەمەوپێش
جەمیل بایک رایگەیاند، ئیمراڵی شوێنی سیستمی پاکتاوکردن و سڕینەوەی کوردە. لە هەمان کاتدا شوێنی تێکۆشان و بەرخۆدانە.
ئەمڕۆ ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، ٢٥ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا تێدەپەڕێت کە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی لە نایروبی پایتەختی کینا گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەم بۆنەیەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (فوراتنیوز)، لەمبارەیەوە رایگەیاند، ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ بووە سەرەتا و دەستپێکی پیلانگێریی نێونەتەوەیی. ئۆجالان لە ناو تۆرێکی پیلانگێرییدا مایەوە کە لە دیمەشق، ئەسینا، مۆسکۆ، رۆما، بیشکێک، مینسک، جارێکی تر مۆسکۆ، ئەسینا و تا کینیا بەردەوام بوو. پیلانگێڕییەکە وەک ئەختەپوتێک پەلەکانی بە هەموو شوێنێکدا بڵاوکردبووەوە. لە راستیدا ئۆجالان دەیویست پرسی کورد بکاتە بابەتی سەرەکی رۆژەڤ لە ئەوروپا و چارەسەری دیموکراتی دەستەبەر بکات. بەڵام ئەوروپا دەرگاکانی خۆی و کایەی ئاسمانی خۆی بە رووی رێبەر ئاپۆدا داخست.
بایک دەڵێت، " رێبەرەکەمان لەبارەی سیستمی ئیمڕالی وتوویەتی کە سیستمی قڕکردنە. یاسا، لە ئیمڕالی هیچ کاتێک جێبەجێ نەکراوە. رێبەرەکەمان خۆی وەک دیلێکی سیاسی پێناسە کردووە. لە ئیمڕالی هەموو کردەوەیەک ئەنجام دەدرێت، شەڕی تایبەت کەی و تا چ رادەیەک بەڕێوە دەبرێت دیار نییە و بێسنورە. دەوڵەتی تورکیا، تاوەکو ئێستاش پێداگیری لەسەر ئەمە دەکات. ٢٤ ساڵی رێبەرتیمان لە ئیمڕالی تەواو دەبێت، دەکەوێتە ٢٥مین ساڵەوە، تاوەکو ئێستاش تێدەکۆشێت. ئیمڕالی، سیستمێکی قڕکردنە، رێبەرتیمان لەوێ وەک دیلێکی سیاسی رادەگیرێت، جگە لە چاوپێکەونی سنورداری خانەوادە و پارێزەران هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ جیهاندا نییە. بێگۆمان دەوڵەتی تورکتا لەسەر هەر سیاسەتێک کە لە ئیمڕالی لەدژی رێبەرتیمان بەڕێوەی دەبات، بە دەیان، سەدان جار بیر دەکاتەوە. هیچ شتێک لە ئیمڕالی بەگوێرەی یاساکان نییە. وەهایان کردووە کە مافی دانوستان و هەناسەدانیشی بە زۆر بەدەست بهێنێت."
هاوسەرۆکی کەجەکە لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی، " لە ڕاستیدا ئێمە نازانین لە ئیمرالی چی ڕوودەدات. ئێمە گوێمان لە هەندێک هەواڵی تێکدەرانە دەبێت. کامیان ڕاستە، ئێمە نازانین. ئەوەی دەزانین ئەوەیە گۆشەگیری و گوشاری سەر رێبەرمان زۆرە. دوو ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵیدا نەکراوە، هەموو ئەو زانیاریانەی دەستمان دەکەوێت مایەی نیگەرانییە."
لەلایەکی دیکەوە لە چەندین وڵاتی جیهان و چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ خۆپیشاندان بۆ ئازادی ئۆجالان دەستی پێکردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دوو ساڵە، هیچ زانیاریەک لەبارەی ئۆجالانەوە نابیسترێت. رێگە بە پارێزەران و خانەوادەی نادرێت سەردانی ئیمڕالی بکەن.
لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاوەکو ئێستا ٢٩ جار سزای دیسیپلین بەسەر عەبدوڵلا ئۆجالاندا سەپێنراوە و لە ساڵی ٢٠١١ تاوەکو ئێستا هەزار و ٢١٨ جار سەردانی پارێزەران و ٢٤٩ جار سەردانی پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رەتکراونەتەوە.
