ئاکەپە ئەو باڵەخانانەی دروست کردووە کە لە بومەلەرزەکەدا رووخاون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەشێک لەو باڵەخانانەی کە لە شاری نورحەقی دیلۆکی باکوری کوردستان لە بومەلەرزەکەدا رووخاون، لەلایەن بەرپرسێکی ئاکەپەوە دروست کراون.

کەناڵی خەڵک (هالک تی ڤی)، راپۆرتێکی لەبارەی ئەو باڵەخانانە بڵاوکردەوە کە لە شاری نورحەقی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان، بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا رووخاون.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەشێک لەو باڵەخانانەی کە لە بومەلەرزەکەدا رووخاون لەلایەن یونس کایا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێکدانە (ئاکەپە) دروست کراون. لە راپۆرتەکەدا، لێدوانی هاوڵاتیەک بەناوی ئونال یڵدرم وەرگیراوە کە کوڕەکە، براکەی و ژمارەیەک خزم و کەسوکاری لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئونال یڵدرم دەڵێت، " ئەو باڵەخانەیەی کە کوڕەکەم و خزمەکانمی تێدا بوو، پرۆژەی یونس کایا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیۆلۆکە کە لە هەمانکاتدا، بەرپرسێکی پارتی داد و گەشەپێدانە.

ئونال یڵدرم دەڵێت، " کوڕەکەم لە بانکی شارەکە کاری دەکرد. یونس کایا بە کوڕەکەمی وتبوو، ' شوقەی باشمان هەیە پێتی دەفرۆشم'. هات بە منی وت. ئاگادارم کردەوە کە پرۆژەکانی یونس کایا کوالیتیان باش نییە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا شۆقەیەکی لێکڕی. دواتر ئاشکرا بوو، لە بناغەی باڵەخانەکاندا ئاو هەیە. پێم راگەیاندن کە سکاڵا تۆمار بکەن. وەک روباری ئاو لەژێر باڵەخانەکاندا هەڵدەقۆلا. بەڵام بە گوێیان نەکردم. باڵەخانەکەیان رووخا و کوڕەکەم، براکەم و زۆر لە کەسوکارم گیانیان لەدەستدا."

لە راپۆرتەکەی کەناڵی خەڵک (هالک تی ڤی)دا هاتووە کە بە تەلەفون پەیوەندیان بە حەنەفی باشیبویوک سەرۆک شارەوانی شاری نورحەقەوە کراوە، بەڵام کە زانیویەتی بۆ کاری رۆژنامەنووسیە و راپۆرتەکە لەبارەی یونس کایا بەرپرسەکەی ئاکەپەوەیە، تەلەفونەکەی داخستووە و ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک بدات.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تاوەکو ئێستا ١٢٤ وەبەرهێنەر دەستگیرکراون کە پرۆژە نیشتەجێبوونەکانیان لە بومەلەرزەکەدا رووخاون و خەڵکێکی زۆر تاوەکو ئێستاش لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندایە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، دەسەڵاتی ئاکەپە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لە ساڵی ٢٠١٧دا، یاسای لێبۆردنی وەبەرهێنانی دەرکردووە و رێگەی بە وەبەرهێنەرەکان داوە کە باڵەخانە و پرۆژەی نیشتەجێبوونی ناکوالیتی دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەسەر دەسەلات بمێنێتەوە.

بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم رۆژانەی دواییدا زۆر جار باسی ئەم پرسەیان کردووە. یەکێک لەو کەسانەی کە بە وردی تیشکی خستەسەر دەستگیرکردنی وەبەرهێنەران و پرسی وەبەرهێنان لە تورکیا، سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بوو.

دەمیرتاش لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی وەبەرهێنەرەکان، تاوانەکانی خۆی پەردەپۆش بکات، لە کاتێکدا کە بەرپرسیاری سەرەکی بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار