پۆلیسی ئێران بە تۆمەتی دروشم نوسین گەنجێک لە سەقز دەکوژێت
موختار فەتحی
3 ساڵ لەمەوپێش
پۆلیسی ئێران بە تۆمەتی دروشم نوسین تەقە لە گەنجێکی شاری سەقز دەکەن و دەیکوژن و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکەن هەواڵەکەی بڵاونەکەنەوە و ناڕەزایەتیی دەرنەبڕن.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێوارەی شەممە پۆلیسی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوریی دوو مەترەوە تەقەی لە گەنجێک بە ناوی موختار فەتحی کردوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەند موختار فەتحی لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوە و پۆلیسی بە بێ ئاگادارکردنەوە یان هۆشداریی پێشوەخت تەقەی لێکردوە و گوللـە بەر ملی ئەو گەنجە کەوتوە و تەنها دوای چەند چرکەیەک دوای برینداربونی گیانی لەدەستداوە.
کەسوکاری فەتحی وتویانە پۆلیسی سەقز سەرەڕای هەڕەشە کردن لە بڵاوکردنەوە هەواڵەکە، دانی بەوەدا ناوە کە بەهەڵە ئەو گەنجەی بە تۆمەتی دروشم نوسین دژی دەسەڵات کوشتوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە موختار فەتحی، خەڵکی ناوچەی دەرەویان بوە لە سەقز و خێزاندارە و هاوژینەکەی لە ئێستادا دوگیانە.
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت و 156 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەشێوازی جیاواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و رۆژانە دەیان گەنج روبەڕوی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە و تا ئێستا تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان 131 کەس لەو ناڕەزایەتییانەدا کوژراون.
