لە ئامەد هەزار و ١١٠ باڵەخانە دەرووخێنرێن کە زیانیان بەرکەوتووە
3 ساڵ لەمەوپێش
لە ئامەد، بڕیارە هەزار و ١١٠ باڵەخانە برووخێنرێن کە لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان، پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابوون کۆتایی هات. بە تەنیا لەو پارێزگایە، ٤٠٧ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٩٠٢ هاوڵاتیش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتی ژینگە، شارستانی و گۆڕانی کەشوهەوای پارێزگای ئامەد راگەیەندراوێکی لەبارەی، ئەو باڵەخانانە بڵاوکردەوە کە زیانیان بەرکەوتووە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە سەرتاسەری ئامەد، ٤٥ هەزار و ١٤٩ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.
لەو ژمارەیە هەزار و ١١٠ باڵەخانە بۆ ژیان ناشێن و مەترسیدارن و بڕیار دراوە بە زوترین کات بڕووخێنرێن. هەروەها هەزار و ٤٤ باڵەخانەش زیانێکی مامناوەندیان پێگەیشتووە و تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە کە ئەو باڵەخانانەش دەڕووخێنرێن یاخود نۆژەن دەکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگاى کارەسات و فریاگوزارى تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ٦٨٩ کەس.
