یەکێتی ئەوروپا 34 سزای نوێی دژی دەسەڵاتی ئێران راگەیاند
پێنجەم قۆناغی سزاکانی ئەوروپا وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئێران دەگرێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەوروپا سزای بەسەر 32 بەپرس و دوو دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند کە دوانیان وەزیری حکومەتی ئەو وڵاتەن.
یەکێتی ئەوروپا رۆژی دوشەممە ژمارەیەک سزای دیکەی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کردەوە کە ئەو سزایانە وەزیری پەروەردە و وەزیری کەلتور و رێنمایی وڵاتەکەی گرتوەتەوە.
لە پێنجەم قۆناغی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی کۆماری ئیسلامی ناوی محەمەد جەباری، سەرۆکی داواکاری گشتی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و حەیدەر پەسەندیدە،سەرۆکی زیندانەکانی سنە هاتوە و هاوکات سەرۆکی زیندانەکانی قەرچەک و زاهیدن و کەرەج و بەڕێوبەرەکانی زیندانەکانی سیستان و بەلوچستان ، چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئەلبورز لە لیستی سزا نوێیەکاندان.
جگە لەو ناوانە رەمەزان شەریف، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و وتەبێژی ئەو دامەزراوە سەربازییە و فەتحوڵڵا جۆمەیری ،یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدران و ژمارەیەک بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی(ئیتلاعات) لەو 32 بەرپرسانەن کە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەردا سەپاندون.
پێشتر یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی سزاکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران 37 بەرپرسی باڵای دەسەڵاتی لەو وڵاتە خستبوە لیستی سزاکانیەوە و لە چوارچێوەی قۆناغی پێنجەمدا کە ئەمڕۆ رایگەیاندوە 32 بەرپرسی باڵای وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو توندوتیژی و سەرکەوتانەی کە دژی خەڵک و خۆپیشاندەران کردویانە سزا داوە.
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەر یەکە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئۆسترالیا و نیوزلەندا دەیان سزایان دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاندوە.
