بەریتانیا سزای نوێی دژی بەرپرسانی ئێران راگەیاند
بەریتانیا ژمارەیەک بەرپرسی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزا دەدات
3 ساڵ لەمەوپێش
بەریتانیا دوای یەکێتی ئەوروپا سزادانی ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ دوشەممە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند؛ بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانەوە هەشت بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستوەتە لیستی نوێی سزاکانی وڵاتەکەی .
سزاکانی بەریتانیا دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە سەپاندنی قۆناغی پێنجەمی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی 32 بەرپرس و دوو دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنرا.
بە پێی راگەیەنراوەکەی بەریتانیا هەر یەکە لە حەسەن عەسکەری، قائیمقامی شاری سنە و محەمەد تەقی ئۆسانلو، فەرماندەی ناوەندی حەمزە-ی سەر بە سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و محەمەد کەرەمی، پارێزگاری سیستان و بەلوچستان و جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارن لەو پارێزگایە و سەرۆکی لقەکانی چوار و یەک لە مەشهەد و ئەسفەهان و کەرەج بەهۆی توندوتیژیی و رۆڵیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا سزا دراون.
بەریتانیا لە مانگی رابردودا بەهۆی سەرکوت و توندوتیژیی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و بە گشتی لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە نزیکەی 400 سزای دژی دەسەڵاتی تاران راگەیاندوە.
