دوای بومەلەرزەکەی دوێنی شەوی هاتای ٧٣ پاشەلەرزە روویانداوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای بومەلەرزەکەی دوێنێ شەوی پارێزگای هاتای کە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر روویدا، ٧٣ پاشەلەرزەی دیکە لە روویانداوە.
دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکەی دوێنێ شەو کە لە پارێزگای هاتای باکوری کوردستان کە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر روویدا، ٧٣ پاشەلەرزەی دیکە لە روویانداوە. دەزگاکە باسی ئەوەی کرد کە لەو ٧٣ پاشەلەرزەیە، خەڵکی ناوچەکە هەستی بە ٤٥ پاشەلەرزە کردووە و ترسێکی زۆری لەنێو هاوڵاتیاندا دروست کردووە.
کاتژمێر هەشت و چوار خولەکی شەوی رابردوو، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر لە ناوچەی دەفنەی پارێزگای هاتای باکوری کوردستان روویدا. فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، لە بومەلەرزەکەی هاتایدا، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩٤ هاوڵاتی بریندار بوون.
جگە لە چەندین شاری باکوری کوردستان و تورکیا، لە وڵاتانی سوریا، ئوردن، فەڵەستین، ئیسرائیل، میسر و لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بومەلەرزەکە کراوە.
هەروەها لە هاتای، مێرسین و ئەنتاڵیا کە دەکەونە سەر دەریای ئیجە، ئاستی ئاوی دەریاکە بەرز بووەوە و کاربەدەستانی تورکیا، هاوڵاتیانیان لە روودانی تسونامی ئاگادار کردەوە.
لە شەشی شوباتدا، سێ بومەلەرزەی بەهێز لە پارێزگاکانی مەرەش، سەمسور و دیلۆکی باکوری کوردستان روویاندا. تاوەکو تەنیا لە تورکیا تەرمی نزیکەی ٤٢ هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنراون و زیاتر لە ٨١ هەزار کەسیش بریندار بوون.
بومەلەرزەکانی ئەم دواییە، کاریگەری لەسەر نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس دروست کردووە و خەڵکێکی زۆر لە ئێستادا لەژێر چادر و لەنێو کۆنتەینەرەکاندا دەژین.
