زیاتر لە 40 ناوەندی نهێنیی ئێران بۆ ئەشکەنجەدان ئاشکرا دەکرێن
ئێران زۆرترین ناوەندی نهێنیی ئەشکەنجەدانی لە رۆژهەڵات دروست کردوە
ژمارەیەک پۆلیس و هێزی ئەمنیی ئێران لە تاران
3 ساڵ لەمەوپێش
تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی لە رێگەی مانگی دەستکرد و چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک ناوەندی نهێنی ئەشکەنجەدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا دەکات.
تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 40 ناوەندی لە ژێر زەوی بینای ژمارەیەک مزگەوت و شوێنی تایبەت حکومەت دروست کردوە کە زۆربەیان دەکەونە تاران-ی پایتەخت و شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.
سی ئێن ئێن بۆ ئاشکراکردنی ئەو ناوەندانە پشتی بەستوە بە وێنەکانی مانگی دەستکرد و وەرگرتنی زانیاریی لە ژمارەیەک دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای ئازار و ئەشکەنجە ئازاد کراون.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو تەلەڤیزیۆنەی ئەمریکا، لە تاران هەشت ناوەندی نهێنیی ئەشکەنجەدان هەیە و شەش ناوەند و شوێنی نهینی دیکەش لە سنە دروست کراون و پێنج ناوەندی ئەشکەنجەش دەکەوێتە شاری زاهیدان.
جگە لەو سێ شارە کە زیاترین شوێنی ئەشکەنجەدانیان تێدایە، لە شارەکانی کرماشان، سەقز ، شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کەرەج، تەبرێز، مەشهەد، ئامۆل ناوەندی نهێنیی تایبەت بە ئەشکەنجەدان هەیە.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لەو ناوەندە نهێنییانە بۆ ئەشکەنجەدان دەیان شوێنی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) وەک شوێنی ئەشکەنجەدان بەکار دەهێنرێن و بە بێ ئەوەی دامودەزگاکانی فەرمیی حکومەت وەک شوێنێکی فەرمیی ناوی بهێنن یان ئاگاداری بونی ئەو شوێن و ناوەندانە بن.
ئاشکرا بوە مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و محەمەد حسێنی پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێن لە ناوەندە نهێنی و نافەرمییانەدا ئەشکەنجەدراون.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەشت کەس لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان بە ئەشکەنجەدان لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دەسەڵاتی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
