بەریتانیا: مەرگی ژینا لەبیر ناکرێت
بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان: پێویستە گوێ لە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بگیردرێت
جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
3 ساڵ لەمەوپێش
بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند مەرگی ژینا ئەمینی ئاماژەیەکی بێباکانەی کۆماری ئیسلامی بو کە لەبیر ناکرێت و پێویستە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت.
جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە وتارەکەیدا رایگەیاند؛ مەرگی ژینا ئەمینی بێباکی و بێدەربەستیی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر کوشتنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە لە بیروەرییەکاندا دەمێنێتەوە.
كلیڤەرلی، وتی بەریتانیا لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکە ژمارەیەک سزای دژی ئەو دەسەڵاتە سەپاندوە و پێویستە دەنگی خەڵکی وڵاتەکەش بە بەردەوامیی ببیسترێت.
وتەکانی وەزیری بەریتانیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتێکدایە 164 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی 600 کەس کوژراون و سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دژی خۆپیشاندەران و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.
بەریتانیا وەک یەکەم وەڵات کە زیاترین کاردانەوەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 400 سزای بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپاندوە.
