ئێران لە دوو رۆژدا حەوت کەس لەسێدارە دەدات

بریاری لەسێدارەدانی سێ کەس لە زیندانی ورمێ دەدرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



سزای لەسێدراەدانی حەوت کەس لە بەلوچستان و خوراسان جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە سێ زیندانیی لە ورمێ لەسێدارە بدرێن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دوو کەس لە زیندانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەسێدارە دراون و رۆژی رابردوش پێنج کەس لە زیندانی بیرجەند لە پارێزگای خوراسان لەسێدارە دراون.

سەرچاوەکانی هەواڵێ بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هادی ئەربابی و محەمەد ئیسحاق گەرگیج لە زیندانی زاهیدان لەسێدارە دراون و بەربەیانی دوێنی یەکشەممەش عەبدولحەمید شەبەخش کە لە نەتەوەی بەلوچ بوە لەگەل عەلی فنودی و دوو ژن و پیاوێکی دیکە لەو زیندانە لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

بە پێی زانیارییەکان ئەو چوار کەسەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە لە ساڵی 2018 تا 2020 بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و سەرەڕای زیندانیکردنیان بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ دوشەممە سێ زیندانیکراو بە ناوەکانی سەعدوڵڵا فەرخی، وەحید بەیزایی و ئەمیرعەلی بایرەمی لە زیندانی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

ئەو سێ زیندانییە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی بە ئەنقەست و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە بدرێن.

لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سزای سێدارە  26 کەس لە زیندانەکانی سنە و ورمێ و ئیلام جێبەجێکراوە و جێبەجێکردنی ئەو سزای سێدارە لە زیندانەکانی کەرج و زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار