شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکات و ئەمڕۆ سێشەممەش لە هەولێر سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن. رۆژی رابردووش سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.
ئەم کۆبونەوانەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەدێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی لەوەکرد، دوای گەڕانەوەی لایەنەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆدەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سەردانی ئەو شاندە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هاوکات بەپێی زانیارییەکان، لە دوو رۆژی رابردوودا، شاندەکە لەگەڵ رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەتەوە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەشلە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن کۆدەبنەوە و پرسەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
