تاوەکو ئێستا 40هەزار سوری تورکیان بەرەو وڵاتەکەیان جێهێشتووە
3 ساڵ لەمەوپێش
ئاژانسی رویتەرز رایگەیاند، لە شەشی شوباتەوە کە چەند بومەلەرزەیەکی بەهێز باکوری کوردستانیان هەژاند و کاولکاری و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتەوە، ٤٠هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا.
مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
بەرپرسێکی سەربازی لە دەروازەیەکی نێوان سوریا و تورکیاش کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بۆ رۆیتەرزی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ٤٠ هەزار سوری تورکیایان جێهێشتووە و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
لە جەژنی قوربانی ساڵی رابردووەوە، حکومەتی تورکیا هاتوچۆی هاوڵاتیانی سوریای لەنێوان ئەو وڵاتە و تورکیای قەدەغەکردبوو، بەڵام دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات رێگریەکان هەڵگیران و لە ئێستادا هەر سوریەک داوا بکات، دەتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە. ئەو کاولکاریەش بووەتە هۆی ئەوەی هاوکاریەکان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ئاوارەکان کەم بێتەوە و بەگوێرەی هەندێک لە میدیاکانی تورکیا، هەڵوێستی نەژادپەرستی لەدژی سوریەکان دوای بومەلەرزە زیادی کردووە و هاوڵاتیانی تورکیا ئامادە نین، خانووەکانیان بە ئاوارە سوریەکان بدەن. لەبەر ئەو هۆکارانەش، ئاوارە سوریەکان ناچار دەبن، بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. زۆربەی ئەو ئاوارانەشی دەگەڕێنەوە، سەر بە گروپ و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانن و بۆیەش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکان نیشتەجێ دەبن.
