لە دوای بومەلەرزەکەی شەشی مانگی ڕابردوو بەهۆی توشبوون بە کۆلێرا دوو کەس لە سوریا گیانیان لەدەستداوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تیمەکانی فریاکەوتن لە و ناوچانەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوی بومەلەرزەکەی ٦ی مانگی ڕابردووی تێدا دەمێننەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا مردنی دوو هاوڵاتییان بە نەخۆشی کۆلێرا ڕاگەیاند،هۆکارەکەشیان بۆ نەبونی ئاوەڕۆ و ئاوی پاکی خواردنەوە گەڕاندەوە.

بەرگری شارستانی سوریا لە تویتێکدا ڕۆژی سێشەممە وتی ،کە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای بڵاوبونەوەی کۆلێرا لە سوریا کە ساڵی ڕابردوو بوو بەرزبووەتەوە بۆ 22 حاڵەتی مردن و  568 حاڵەت کە مەترسی مردنیان لەسەر نییە و تەنها توشبوون.

ئەو وێرانکارییەی بومەلەرزەکە دروستی کردووە بارودۆخی کامپی ئاوارەکانی ناوچەکەی خراپتر کردووە، کە پێشتر ئاوی پاک و خاوێنی تێدا نەبووەوە و ئاوەڕۆی پێویستیان نەبووە لە ئێستادا زۆر لە جاران خراپترە.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە تێیدا هاتووە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێراو نەخۆشی جۆراو جۆر بەهۆی نەبونی ئاوی پاکەوە بەرەو زیادبوون دەچێت.

نور قۆرمۆش چالاکوان بە ئاژانسی هەواڵی جەزیرەی گوتووە: "تەنانەت پێش بوومەلەرزەکە بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گونجاوەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک نەخۆشکەوتون بەهۆی ئەوەی لەسەدا 63ی کەمپەکانی ئاوارەکان ئاوەڕۆی گونجاویان نەبووە و لە سەدا 43ی ئاوی پاکیان نەبووە"

ئەو چالاکوانە گوتیشی : "لە سەرەتای کارەساتەکەوە هەزاران کەس لەو کەمپانەدا دەژین کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابینکراون و زۆر قەرەباڵغن"

ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەو ژینگەیەی کە ئێستا تێیدا دەژین دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری هاوڵاتییان توشی نەخۆشییەکە بن "

گروپێکی خۆبەخشی فریاکەوتن لە ناوچەکە  بڵاویکردەوە: "لەناوچوون و ڕوخانی هێڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دوای بومەلەرزەکەی شەشی مانگی ڕابردوو ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە زیاتر دەکات".

بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیە نەخۆشی کۆلێرا لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردودا بوو کە هۆکارەکەی گەڕێندرایەوە بۆ پیسبونی ڕووباری فورات.

کە لە 14/9/2022 دا وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، زۆرترین تووشبووی کۆلێرا لە شاری حەلەبە و ژمارەیان ٢٢ کەسە، دواتریش شاری حەسەکە دێت کە ژمارەی تووشبووان ١٣ کەسە، ھاوکات لە دێرەزوور ١٠ کەس و لە لازقییە شەش و لە دیمەشقیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون و لە حەلەب چوار تووشبوو و لە دێرەزووریش دووان و لە حەسەکە یەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار