وەزارەتی خوێندنی باڵا: ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەرنامەى "فولبرایت"ی بۆ خوێندنى ماستەر ڕاگەیاند

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە  رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، بۆ ساڵی 2024 بەرنامەى فولبرایت بۆ خوازیارانى خوێندنى بەرنامەى ماستەر لە سەرتاسەرى عێراق لە بوارى جیا جیا ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە سەرجەم مامۆستایان لە زانکۆکانى کوردستان دەکات، ئەگەر مەرجەکانیان تێدایە داواکاری بۆ بەرنامەکە پێشکەش بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەشكردوە، ڕێنمایى و مەرجەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەوانەی داواکاری پێشکەش دەکەن ئەوەیە پێشکەشکار نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر بێت، هەروەها دەبێت دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دو ساڵ خزمەتی هەبێت.

باسی لەوەشکردوە، دەبێت پێشکەشکار لە هەمان بواری بەکالۆریۆسەکەی داواکاری بۆ خوێندنی بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، دواکات بۆ پێشکەشکردنیش بریتییە لە 2023/5/1.

بەم مەرج و داخوازییانەی خوارەوە دەتوانرێت داواکارى پێشکەش بکرێت:

- پێشکەشکار پێویستە هاووڵاتی و دانیشتووی عێراق بێت.
- هاووڵاتیی ئەمریکی و هەڵگری کارتی سەوز بۆیان نییە داواکاری پێشکەش بکەن.
- پێشکەشکار پێویستە لە وڵاتی عێراق دابنیشێت، لە کاتی پێشکەشکردن و پڕۆسێسکردنی ئەم بەرنامەیە.
- پێشکەشکار دەبێت دوو ساڵ شارەزایی لە کارکردن هەبێت دوای بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- پێویستە پێشکەشکار خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە یەکێک لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان.
- پێویستە باکگراوندێکی ئەکادیمیی بەهێزی هەبێت.
- پێویستە توانستی زمانی ئینگلیزی بەرچاوی هەبێت یا ئامادەیی بەشداریکردنی کۆرسی زمانی ئینگلیزی درێژخایەنی هەبێت، پێش دەستپێکردن بە کۆرسی ئەکادیمی.
- پێشینە دەدرێت بەو پێشکەشکارانەی کە شارەزاییان نییە یا کەمێک شارەزاییان هەیە لە خوێندن و بەسەربردنی ژیان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
- خاوەن باکگراوندی جیا جیا لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەت هاندەدرێن بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەم بەرنامەیە.

سەبارەت بە ڕێنمایى و مەرجەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى:

- پێشکەشکار نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر بێت.
- دەبێت دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.
- دەبێت لە هەمان بواری بەکالۆریۆسەکەی داواکاری بۆ خوێندنی بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات.
- دوای بەدەستهێنانی ئۆفەری ئەکادیمی، کاندیدی سەرکەوتوو، سەردانی وەزارەت دەکات بۆ پرۆسێسکردنی مۆڵەتی خوێندن و پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی (Scholarship.digital.gov.krd).
- بۆ ئەوانەی دانەمەزراون لەکەرتی گشتی، دوای بە دەستهێنانی ئۆفەری ئەکادیمی، کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت فۆرمی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئەم لینکە (Scholarship.digital.gov.krd) پربکاتەوە، بەپێچەوانەوە مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

تێبینی:

- ئەپلیکەیشنەکە لەم لینکە (https://iq.usembassy.gov/education-culture/exchange-programs/fulbright-foreign-student-program/) بەردەستە و پێشکەشکردن لە ڕێگەی ئەم لینکە دەبێت (https://apply.iie.org/ffsp2024/)

- تەواوی خەرجیی ئەم بەرنامەیە لە سەر ئەستۆی حکومەتی ئەمریکایی دەبێت.

- دواکات بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (١/٥/٢٠٢٣).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار