گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان: لە 5ی ئادارەوە راوەماسی قەدەغەیە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە 5ی ئادارەوە تاوەکو رۆژی 15ی مانگی حوزەیران راوەماسی قەدەخەیە و "سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا، 166 کەس بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان دەستگیرکراون.
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، قەدەخەکردنی راوەماسی لە دەریاچە، گۆماو و رووبارەکانی پارێزگاکە راگەیاند.
قەدەخەکردنی راوەماسی، بەهۆی ئەوەیە کە ماسییەکان لەو ماوەیەدا گەرا دادەنێن و بۆ پاراستنیانە لە لەناوچون بەهۆی ئەوەی ساڵانە نزیکەی دوو هەزار تاوەکو سێ هەزار تۆن ماسی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان راو دەکرێن، ئەمە جگە لە رووبارەکان کە بەرهەمێکی کەمیان هەیە.
عەمید هێمن کەمەرخان گوتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی هۆبەی سامانی ماسی، بە نووسراوێکی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە، لە رۆژی 05-03-2023 تاوەکو 15-06-2023 بەهەموو شێوەیەک راوکردنی ماسی قەدەخەیە.
وتیشی، لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، مەفرەزەکانی سەر دەریاچە و رووبارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە راوەماسی. دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا هەموو جۆرەکانی راوەماسی بە ژەهر، تەقەمەنی، ماشە، تۆڕ قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
ئەوەشی ئاشکراکرد ، ساڵی 2021 نزیکەی 110 هاووڵاتی و ساڵی رابردووش 56 هاووڵاتی لەسەر راوەماسی دەستگیرکراون رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
