هێرشکردنە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوه

3 ساڵ لەمەوپێش



لە شاری بۆرسای تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی یانەی بۆرسا و یاریزانەکانی ئەو یانەیە هێرشیان کردە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کە لە چوارچێوەی خولی یانە پلە دووەمەکانی تورکیادا رووبەرووی یەکدی ببوونەوە.
سەرەتا لایەنگرانی یانەی بۆرسا وێنەی ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسەکان و سەرکردەی ئەو دەزگا هەواڵگریانەیان بەرز کردەوە کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، بە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزار کورد لە باکوری کوردستان تۆمەتبارکراون و بەو ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسانە بە هەزاران کوردیان رفاندبوو و دواتر بە دەبەی ئاو، چەرخ و داروبەرد هێرشیان کردە سەر یاریزانان و لایەنگرانی یانەی ئامەد و بەوهۆیەوە بە دەیان یاریزان و لایەنگری ئەو یانەیە بریندار بوون.
هەرچەندە سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە هەندێک بەرپرسی یانەکە و شارەکەیان سزاداوە، بەڵام هەدەپە، هاوڵاتیانی کورد و بەڕێوەبەریی یانەی ئامەد، هێرشەکەیان بە هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو وەسف کرد.
مەتین کلاڤوز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی ئامەد لەم بارەیەوە بۆ بەشی تورکی بی بی سی قسەی کرد و گوتی، " ئەو هێرشە، پێشهاتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پلانی بۆ داڕێژرابوو و بە ئەنقەست ئەنجامدراوە."
سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەدژی هێرشبەران تۆمار دەکەن، بەهۆی ئەوەی ئاسایشی گشتیان خستووەتە مەترسیەوە و سووکایەتیان بە هاوڵاتیان کردووە.
لەمبارەیەوە میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، حکومەت لەبەرامبەر ئەو رەگەزپەرستیە بێدەنگ بووە و ئۆباڵی ئەم هێرشە رەگەزپەرستیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری پاراستنی گۆڕەپانەکەیان لە ئەستۆدا بووە.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە تویتێکدا نووسیویەتی، " هەموو کاتێک سەربەرز بە یانەی ئامەد، یاریەکی بێوێنە پێشکەش بکە. لایەنی سیاسی ئەو تۆرۆسە سپیانە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵە. ئێمە خۆمان رادەستی ئاغاکانی ئەوانمان نەکردووە، چ بگرە سەر بۆ ئەمانە دانەوێنین."
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیاش بێت، تاوەکو ئێستا ١٠ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار