مەسرور بارزانی: داوامان لە تیمی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
له كۆبونهوهی ئهمڕۆی ئهنجوومهنی وهزیراندا، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوشەممە رایگهیاند، "چەندینجارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن."
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی راپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژویی بو لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە "بەشدارینەکردن لە کۆبونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات"، مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردوە، "چەندینجارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بە نوسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێنەدراوە بەشداری بکەن".
سەرۆک وەزیران وتیشی، "ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە".
