ئەم جۆرە ئوتومبێلانە تۆمارناکرێن ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری دا
3 ساڵ لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بڕیارى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى دا کە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە.
بڕیارە کە لەسەر داوای دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەیه بۆ پاراستنی ژینگە و بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ تۆمار نەكرێن.
پاشان وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەکرێت.
بەردی ساڵنسا کە بەردی ژینگەدۆست ناسراوە وەکوو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستەمی دووکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن..
