شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان دروستدەکرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
لە رێورەسمێکدا، هەردو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسێک تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون/ شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی واژۆ دەکەن.
وەزارەتی ئاوەدانکرنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 7ی3 بڵاویکردەوه، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەدیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە هەوڵ و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٩١) لە (٢٢/١٢/٢٠٢٢)، هەردو وەزارەت کار دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی ئەوانەی تائێستا سودمەند نەبون.
ئاماژەی بەوە کراوە ،وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ڕایگەیاندوە، ئەوەی بۆ کەسوکاری شەهیدان بکرێت بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و ئەرکی هەموانە، وەک وەزارەتیش ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی شەهیدان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان.
لە ڕاگەیاندراوەکە هاتوە ، وەزیری کارورباری شەهیدان ، جەختیکردۆتەوە لەوەی، ئیمزاکردنی ئەم کۆنوسە تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەردو وەزارەت.
باس لەوە کراوە ، دواتر لە رێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت واژۆکرا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیار و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان، هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (١٩١)ی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بە دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
