ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر هەرێم دەکات
ئەڵمانیا: رژێمی ئێران بێباکە لە کوشتنی خەڵک و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە
فوادحسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
3 ساڵ لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان مەترسیی گەورەن بۆ ژیانی خەڵک و قبوڵکراو نییە.
ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فوادحسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران رێز لە هاوڵاتییانی خۆی ناگرێت و بە موشەکبارانکردی سنورەکانی عێراق مەترسیی بۆ ژیانی خەڵکی وڵاتەکەش دروست کردوە.
بێربۆک وتی : رژێمی ئێران بەو هێرشە موشەکییانە پیشانی دا کە سەرەڕای ئەوەی سۆز و بەزیی نییە، زۆر بێباکانە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی سەرکوت دەکات و تەنانەت ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکەشی خستوەتە مەترسییە تەنها بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، سوپای پاسداران چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە برادۆست، هەولێر، کۆیە و زڕگوێز-ی موشەکباران کردوە و بە فڕۆکەی خۆ کوژ هێرشی کردوەتە سەریان کە زیاتر 19 کوژراو و نزیکەی 70 برینداری لێکەوتوەتەوە.
