بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێم: "تاوانەکانی ماددەی هۆشبەرو کوشتن و دزیکردن لەزیادبووندایە"

یەک ساڵ لەمەوپێش



 

ئیمان زەندى

 

ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: گرنگترین ئەو كێشانەی هەمانە بریتین لەگرفتی نەبوونی بینایەی گونجاو، رێژەی لەخۆگرتنی بیناكان بەراورد بەژمارەی سزادراوان كەخۆی لەبنەڕەتدا بۆ (900) كەس دروستكراون بەڵام لەئێستادا زیاتر لە (1500) تاكو  (1700) سزادراویان تێدایە

وتیشی: گرفتی دەرمانی دەروونی و شەكرەو زەخت (پەستانی خوێن)مان هەیە.

ئاشكراشیكرد: تاوانەكانی (ماددەی هۆشبەرو كوشتن و دزیكردن) ژمارەیان زۆرەو لەزیادبووندایە،  نزیكەی هەزار سزادراو بەكێشان و بازرگانی بەماددەی هۆشبەرەوە بەندن لەچاكسازییەكان.

بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: نزیكەی پێنج هەزارو ٥٠٠ كەس بەندن بەڕاگیراوو سزادراوەوە، كە  (٥٠٠) یان ژنن و (170) یان منداڵن. دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەسەر بەندكراوی سێدارە كە (444) سزادراوە، تیرۆر كەدوو هەزار كەسن، داوامان كردووە لەئێمە جیابكرێنەوە.

دەقی چاوپێكەوتنی هاوڵاتی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان؛

 

: بەگشتی كێشەو گرفتەكانی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان چین؟

ئیحسان بابان: پەیكەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان پێكدێت لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و شەش بەڕێوبەرایەتی چاكسازی لەهەرسێ پارێزگای (هەولێر – سلێمانی – دهۆك) كە سیانیان چاكسازی گەوران واتا (پیاوان)ەو سیانیشیان چاكسازی ژنان و منداڵانە، بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكەمان سەر بەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

سەبارەت بەژمارەی كارمەندان لەئێستادا زیاتر لە (1800) هەزارو هەشتسەد كارمەندی مەدەنی و سەربازییمان هەیە. گرنگترین ئەو كێشانەی هەمانە بریتین لەگرفتی نەبوونی بینایەی گونجاو، سەرەڕای ئەوەی كە بینای هەرسێ چاكسازی گەوران بەراورد بەچاكسازییەكانی ژنان و منداڵان نوێترن و لە چەندساڵی رابردوو دروستكراون، بەڵام رێژەی لەخۆگرتنی بیناكان بەراورد بەژمارەی سزادراوان كە خۆی لەبنەڕەتدا بۆ (900) كەس دروستكراون بەڵام لەئێستادا زیادتر لە (1500) هەزارو پێنجسەد تاكو  (1700) هەزارو حەوتسەد سزادراویان تێدایە، چاكسازییەكانی ژنان و منداڵان بیناكانیان زۆر كۆنن و گرفتی شوێنیان هەیە، ئەمە وایكردووە كۆسپ و تەگەرە بۆ ئێمە دروستبكات بەتایبەتی لەڕووی پۆلێنكردن و جیاكردنەوەی سزادراوان لەیەكترو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانیان بەپێی پێویست، بەڵام ئەو ئاستەنگانە واینەكردووە كەدەستەوەستان بین، بەڵكو سەرەڕای هەموو ئەو كەموكوڕی و گرفتانەی كەدێنە پێش توانیومانە لەڕێگای بەخۆڕاگری كارمەندەكانمان و هاوكاری خێرخوازان و حكومەت و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان كارەكانمان بەردەوامی پێبدەین .

: تاچەند چاكسازییەكان گرفتی كەمی تووێژەریان هەیە، تووێژەرەكان ژمارەیان چەندە؟

ئیحسان بابان:  هەر بەڕێوبەرایەتیەكی چاكسازی تووێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە، تووێژەرەكان رۆژانە ئەركەكانیان لەناو راڕەوەكانی چاكسازی و هۆڵەكانی سزادراوان ئەنجامدەدەن و گرفتەكانی سزادراوان چارەسەر دەكەن، ئەم تووێژەرانە بەردەوام لەپەیوەندیدان لەگەڵ سزادراوان، هاوكاریانن و ئارامیان دەكەنەوە لەكاتی بوونی هەر كێشەو گرفتێك كەببێتە هۆی تێكچوونی باری دەروونی سزادراوان و بەردەوام بەدوای چارەسەری گرفتەكانیانن چ ئەو گرفتانە لەناو چاكسازییەكان بن یاخود لەناو خێزان و خانەوادەكانیان بێت. سەبارەت بەژمارەی تووێژەران، گرفتی كەمی تووێژەرمان لەسەرجەم چاكسازییەكان هەیە، بۆ نموونە لەچاكسازی گەورانی سلێمانی تەنها (10) تووێژەرمان هەیە، لەچاكسازی ژنان و منداڵانیش بەهەمان شێوەیە ژمارەكەیان بەپێی پێویست نیە كەئەوانیش نزیكەی (10) تووێژەر دەبن، واتە بەهەردوو چاكسازییەكە نزیكەی (20) تووێژەر دەبن، كەئەم رێژە كەمەی تووێژەران ناتوانن گرفتی دوو هەزار سزادراو رۆژانە چارەسەربكەن، هەربۆیە زۆربەی گرفتمان لەو بابەتە بۆ دروستدەبێت، بۆ ئەمەش داواكارییەكانم لەبەڕێوەبەرایەتیەكان وەرگرتووە و نووسراوم بەرزكردووەتەوە و چووەتە بەردەم نووسینگەی سەرۆكی حكومەت و لەئێستادا چاوەڕوانی وەڵامین و بەهیواین بەزووترین كات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەڵاممان بدەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین دامەزراندن و كێشەی خزمەتگوزارییەكان چارەسەربكەین، بەمەش فەرمانگەی هەماهەنگی كە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانە، چاودێری و بەدواداچوون دەكەن و لەڕێگای نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتیەكان كەسەرۆكەكەی كاك د.دیندار زێباریە هەموویمان ناردووە بۆ شوێنی مەبەست هەتا وەكو وەڵامی پێویست وەرگرینەوە.

: گرفتی دواكەوتن و درەنگ وەڵامدانەوەی داواكارییەكانتان هەیە؟

ئیحسان بابان: زیاتر گرفتی بیناو ئۆتۆمبێلمان هەیە، نووسراوەكان بەزووترین كات دەگاتە شوێنی مەبەست، كێشەی بودجەو دامەزراندن و كەلوپەلمان هەیە، ئەو گرفتەش گشتییەو لەهەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم بەو جۆرەیە، ئەو داواكاریە زۆرەی لەوەزارەتەكانەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت رەنگە نەتوانن هەمووی بەیەكجار جێبەجێ بكەن، ئەوكاتەی دەستبەكاربووم داوام لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرد بۆ هەرسێ چاكسازیەكە (20) پاسەوانمان بۆ دابمەزرێنن، بەو هۆیەوە زیاتر لەشەش هەزار كەس فۆڕمی پڕكردەوە، خۆشبەختانە رەزامەندی ٦٠ كەسم بۆ هاتووەتەوە و ناوەكانیشم ئاڕاستەكردوون هەتا وەكو فەرمانیان بۆ دەربچێت تاوەكو بەگرێبەست دەستبەكاربن، بەوهۆیەوە خەریكە كێشەی پاسەوانەكان و هێزی جێبەجێكار بەتەواوی كۆتایی پێدێت، نكوڵی لەوە ناكەین كەگرفت هەیەو زۆربەی بودجەی پێویستە، كەڕەنگە لەتوانای حكومەتدا نەبێت، بۆیە پەنامان بردووەتەبەر رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، بۆ نموونە لەڕێگای رێكخراوی یونسێفەوە تووێژەرمان دابینكردووە، هەروەها لەئێستادا رێكخراوی (وچان) لەسلێمانی و رێكخراوی (هاریكار) لەدهۆك یاخود (جژور)ـی جیهانی خول دەكەنەوە بۆ هێزی جێبەجێكارو تووێژەرە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان.

: هۆكاری درەنگ وەڵامدانەوەكان بۆچی دەگەڕێننەوە؟

ئیحسان بابان: هۆكارەكەی ئەوەیە هەموو وەزارەتەكان بەیەكجار داواكاریان پێشكەشكردوە، رەنگە لەتوانای حكومەتدا نەبێت، بەڵام تائێستا داواكاریەكمان نەبووە و رەتكرابێتەوە و بڵێن ناكرێ! بەسوپاسەوە هەندێكیان كراون و هەندێكیشیان ماون و لەجێبەجێكردندان، بۆ ئۆتۆمبێل نزیكەی (50) دانەمان نووسیوە ئەمەش پێویستی بە بودجەیە، پێدەچێت كێشەی دۆلار هۆكار بێت،  هەندێكجار رۆتین دروستدەبێ و دەبێتە هۆی ئەم دواكەوتنە، بەڵام كۆڵمان نەداوەو هەوڵدەدەین كێشەی بینا لەمساڵدا چارەسەر بكەین، بۆ نموونە سێ مانگە بینای ژنان و منداڵانی هەولێر كاری تێدادەكرێت، لیژنەمان داناوەو چاودێری دەكات، بینای ژنان و منداڵانی دهۆك و سلێمانیش زەوی بۆ تەرخانكراوەو چاوەڕێین ئەنجومەن ئەوانیش بخاتەكار.

: بۆچی چاكسازی سلێمانی پزیشكی پسپۆڕی نیە، تاچەند راستە پزیشكەكان ئامادەنین چارەسەری زیندانیان بكەن؟

ئیحسان بابان: سەبارەت بەكێشەی بنكە تەندروستییەكان لەهەموو چاكسازییەكان گرفتمان هەبووە بەتایبەت هەولێرو سلێمانی، خۆشبەختانە زیاتر لەهەفتەیەكە بەڕێز د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەسەر هێڵەو  گرفتی كەمی دەرمان و پزیشكی بۆ چارەسەركردووین،  پزیشكی گشتی و دەروونی و چاوو پێست و ددان و هەناویشی بۆ دابینكردووین و دەكرێ بڵێین هیچ گرفتێك نەماوە لەسلێمانی، لەڕاستیدا ئەو پزیشكانەی دێنە ناو چاكسازییەكان (مەترسی) بۆ سەر ژیانیان دروستدەبێت داوامانكردووە حكومەت دەرماڵەی مەترسییان بۆ خەرج بكات هاوشێوەی هەر كارمەندێكی چاكسازی سەر بەوەزارەتەكەمان كەبڕی ٤٥٠ هەزار دینار دەرماڵەی مەترسی هەیە، بۆیە پزیشكەكانیش داوایانكردووە بۆیان خەرجبكرێت، بەڵام گرفتی دەرمانی دەروونی و شەكرەو زەخت (پەستانی خوێن)مان هەیە، هەوڵمداوە لەڕێگای رێكخراوی (ئێم.دی.ئێم)ی فەڕەنسیەوە كەكۆگاكەیان لەدهۆكە بۆ هەر شەش چاكسازییەكە دابینی بكەین.

: خۆراكی زیندانیان چۆنە، هەرچەندە دەوترێت باشە، تاچەند ئازووقە و سەبەتەی خۆراكی تر پێویستە كە دابین نەكراوە؟

ئیحسان بابان: حكومەت ساڵانە لەپارێزگاكان تەندەریان هەیەو رایدەگەیەنین و كۆمپانیاكان وەریدەگرن، ئێستا ئەو خواردنەی لەچاكسازییەكان هەیە رەنگە لەدەرەوە یان لەهوتێلێكی پێنج ئەستێرەیی نەبێت، خواردنێكی زۆر باش هەیە، بەڵكو زۆر زیادیشە، لەم ماوەیە لەعەممان لەكۆنگرەیەكی جیهانیدا كە بەشداریمان كرد دوای پێشكەشكردنی راپۆرتمان، دەركەوت چاكسازییەكانی كوردستان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەكان باشترین بووە بەتایبەتی لە رووی (خواردن، پەیوەندی تەلەفۆنی، خوێندن لەقوتابخانەكانی چاكسازی و زانكۆكان، خەلوەی شەرعی كە ژن و پیاوەكان دەتوانن دوای (15) رۆژ لەدوا سەردانیان یەكتر ببینن بۆ ماوەی دوو بۆ سێ كاتژمێر، لەگەڵ مۆڵەتی چوونە ماڵ بۆ ئەوانەی كە سێ مانگ حوكمەكەیان تەواو كردبێت و هەفتەیەك ئەچێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی) كە ئەم خزمەتگوزاریە لەهیچ یەكێك لەچاكسازیەكانی وڵاتانی عەرەبی بوونی نەبووە، هەروەها لەئێستادا ٥٠٠ خوێندكارمان هەیە بەكچ و كوڕەوە كە ٤٠ كەسیان لەزانكۆو پەیمانگا ئەهلییەكان دەخوێنن بەشێوەی ئۆنلاین، دوای داواكردنمان لەبەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا هەموو كورسییەكانی سزادراوانی كردە خۆڕایی و بێبەرامبەر تەنانەت پێشی راگەیاندین؛ چەند كورسی دیكەتان بوێت بێبەرامبەرە.

: كێشەی ئازادكردنی بەمەرج چۆنە، بە نموونە هەندێك لەزیندانیان حكومی یاساییان تەواوكردووە بەڵام ئازاد ناكرێن ؟

ئیحسان بابان: ئەو بڕیارە لەئەنجومەنی دادوەرییەوە دەردەچێت و سەر بەدادگاكانن پەیوەندی بەوانەوەیەو لای ئێمە نیەو تەداخولیش ناكەین، تەنانەت تەداخولی قەزاش ناكەین كاتێ كەحوكم دەدرێن و بڕیاریان بۆ دەردەچێت دواتر دێنە لای ئێمە، ئازادكردنی بەمەرج لەڕێگای داواكاری گشتییەوە دەدرێت كە لەناو چاكسازییەكان فەرمانگەیان هەیە یاخود لەڕێگەی بەشی یاسایی خۆمان رۆژانە چەند كەس ئازادكردن بەمەرجی هەبێت بۆ دادگای بەرزدەكەینەوە، هەربۆیە هیچ گرفتێكمان نیە لەسەر ئەو بابەتە.

: سەردانی زیندانیان تەنها كەسی یەكەم واتە دایك و باوك و خوشك و برا دەتوانن زیندانیان ببینن، بەڵام كەسی تر بۆی نیە سەردانی زیندانیان بكات، ئەمە چۆنە؟

ئیحسان بابان: نەخێر شتێكی لەم جۆرە نیە، زانیاریەكان بەهەڵە گەیشتووە بەئێوە، جگە لەسەردانی مواجەهە (رووبەڕوو) كەهەفتانە رۆژانی یەكشەممەو چوارشەممانە، سەردانی (تایبەت)مان هەیە، واتە خزم و هاوڕێ بۆیان دەبێت بێنە سەردانی و دەتوانن چاویان پێیان بكەوێت، ئەم سەردانانە لەدەسەڵاتی مندایەو رێگەم داوە بۆ سەرجەم چاكسازییەكانی هەرسێ پارێزگاكە، بۆیە لەئێستادا هیچ كێشەیەكمان نیە لەم بارەیەوە، بەڵام رێنماییمان ناردووە بۆ بەڕێوەبەری چاكسازییەكان هەركەسێك لەخزمی پلە دوو بێت هاوشێوەی پلە یەكەكان نیە كەڕۆژەكەیان دیاریكراوە، بەڵكو دەتوانن رۆژانی دیكە بێن، كە بۆ ئەمەش دەبێت سزادراو داواكاری پێشكەش بەبەڕێوەبەر بكات و داوای بینینی ئەو كەسە بكات، دواتر بەڕێوەبەر رەزامەندی دەدات بەئەنجامدانی سەردانیەكە.

: بڕی تەرخانكراو بۆ چاكسازییەكانی هەرێم چەندە؟

ئیحسان بابان: بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان ئەوە چەندساڵە بودجە پەسندنەكراوەو ئێمەش هەمان گرفتی وەزارەتەكانی ترمان هەیە، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە هەوڵی زیادكردنی پێشینەی مانگانەمان داوە، بەسوپاسەوە وەزارەتی دارایی رەزامەندی دەربڕی پێشینەكانمان زیادكراو  لەئێستادا چاكسازییەكانی گەوران، مانگانە پێشینەكەیان نزیكەی ١٥ ملیۆن دینارە، جگە لەگازو خواردن و جلوبەرگیان كەئەمانە بڕەكەی زۆرترەو لە رێگای وەزارەتی دارایی خەرجدەكرێت، یاریگای وەرزشی (تارتان) و بۆكسێن و بالەو یارییە وەرزشیەكانی دیكە، كە ئەمانەش پێویستی جلوبەرگ و پارەیە بۆمان دابینكردوون، و بۆ زانیاریتان رۆژانە یەك سزادراو بڕی ١٥ بۆ ١٧ دۆلار خەرجی دەكەوێتە لە سەرمان كەئەمە لەهیچ چاكسازیەكی ڵاتانی دەروربەر نەبوو.

وەڵامی ئەو پرسیارەشتان بدەمەوە سەبارەت بەنۆژەنكردنەوەی بینای چاكسازی ژنان و منداڵان بەڵێ، لەپارو ئەمساڵیش ئەو بینایانەمان نۆژەنكردووەتەوە، حكومەت پارەی بۆ تەرخانكردووە، بەڵام ئەو بینایانە زۆر كۆنن گەر نۆژەنیش بكرێنەوە بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت. داواكاریەكی دیكەمان لەئەنجومەنی وەزیران ئەوە بووە، كە سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان بكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی ماددەی هۆشبەر بەكاردێنن، خۆشبەختانە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە كەبینا بگرین بەكرێ، ستافمان بۆ دابینكردوون و چاوەڕەێی لیژنەكانین تاوەكو كارەكان تەواو، بكەن چونكە نزیكەی هەزار سزادراو بەكێشان و بازرگانی بەماددەی هۆشبەرەوە بەندن لەچاكسازییەكان، داواشمان كردووە لەناوخۆو سنوورەكان و فڕۆكەخانەكان و ئەو شوێنانەی كەماددەی هۆشبەری پێدا دێتە ژورەوە زیاتر كۆنتڕۆڵ بكرێت. ئەوەشم بیر نەچێت هۆبەی چاودێری پاشینەمان هەیە بۆ ئەو مێردمنداڵانەی كە دوو مانگی كۆتایی حوكمەكەی بمێنێت دەچنە ئەو هۆبەیەوەو راهێنانیان پێدەكرێت و لەڕێگەی رێكخراوی یونسێفەوە پارەیان پێدەدرێت كەبڕەكەی 1000$ هەزار دۆلار دەبێت، تاوەكو هەلی كاریان بۆ بدۆزنەوەو نەبنەوە گرفت بۆ خێزان و كۆمەڵگە.

: ئەم پرسیارەمان دوو بەشە، ئایا چی تاوانێك بەپلەی یەك تۆماركراوە لەچاكسازییەكان، ئایا فەرمانگەتان هەیە لەبینای كرێدا بێت؟

ئیحسان بابان: تاوانەكانی (ماددەی هۆشبەرو كوشتن و دزیكردن) ژمارەیان زۆرەو لەزیادبووندایە، بینای ئێمە وەكو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەكرێدایە،  دوامان كردووە بینای نوێمان بۆ دروست بكرێت كەزەویمان پێدراوەو پشت بەخودا لەمساڵدا بینامان بۆ دروست دەكرێت و  هیچ چاكسازیەكیشمان قەرزاری خەڵك و حكومەت نیە.

: ئامارەكان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ چۆنە؟

ئیحسان بابان: نزیكەی پێنج هەزارو ٥٠٠ كەس بەندن بەڕاگیراوو سزادراوەوە، كە  (٥٠٠)یان ژنن و (170)یان منداڵن، بۆ رێكخستنی ئەم ئامارانەش بەهاوكاری وەزارەتی دارایی سێرڤەرێكی گەورەم خستوەتەكار بە بەهای شەش ملیۆن دینار كە هەر شەش چاكسازیەكە بەخۆمانەوە بەستراوەتەوە، لەڕێگای داتابەیسەوە خولەك بەخولەك ئامارەكانی سزادان و ئازادبوونی رۆژانە  بەدەستمان دەگات. دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەسەر بەندكراوی سێدارە كە (444) سزادراوە، و تیرۆر كەدوو هەزار كەسن، داوامان كردوە لەئێمە جیابكرێنەوە چونكە چاكسازی لەكەیسی سێدارە ناكرێت و هیچ بەرنامەیەكمان نیە بۆیان، جگە لەوەی پۆلێنمان كردوون و لەهۆڵی جیا دانراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار